تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی ڕابردوو ١٩ی سەرماوەز / ١٢.١٠، سێ دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی سنە و سەقز بە ناوەکانی “ساعد بەنەفشی”، “ئیبراهیم حسێن نەژاد” و “نافێع مینایی” بە دانانی بارمتە ئازادکراون.

سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “ئیبراهیم حسێن نەژاد و نافێع مینایی لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی سەقزدا دەستبەسەرکرابوون، ڕۆژی سێشەممە پاش کۆتایهاتنی لێکۆڵینەوەکانیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازادکران”.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیکە، ساعد بەنەفشی، یەک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی سنەش هەر ڕۆژی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بەڕێکراوە بۆ دادگا و پاشان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکراوە.

ئازادبوونی ئەو سێ هاوڵاتییە لە کاتێکدایە کە هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن لە دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییان.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لە دەستبەسەرکرانی زیاتر لە هەزار هاوڵاتی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو و ناسنامەی ١٥٦یانی بڵاوکردبووەوە.