بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەز / ١٢.٠٢، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەریوان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “ئارمان شاکری” چالاکوانی مەدەنیی کورد، دەستبەسەریان کردووە و بردوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە لەمیانەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان برینداربوبوو و لەو ماوەیەدا لە ترسی ئەوەی دەستبەسەربکرێت لە ماڵەکەی خۆیدا لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بووە.

سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی شاکری بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ڕەوشی ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە بەر دەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە، زیاتر لە ٥٠ هاوڵاتی برینداری دیکە لەو خۆپیشاندانەنەدا لە شارەکانی جوانڕۆ، کرماشان، سنە، مەریوان و بۆکان  دەستبەسەرکراون.

بنەماڵەی ئەو هاوڵاتیانە بەردەوام سەردانی ناوەندە ئەمنییەکان دەکەن بەڵام هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی منداڵەکانیان نەدراوەتێ.

 تەنیا بە هەندێک لەو بنەماڵانە وتراوە کە ڕۆڵەکانیان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای ناوەندی پارێزگاکان دەستبەسەرن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.