بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “حسێن حبەبیب وەند”، چالاکوانی تەلەگرامی کە لە میانەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ورمێ دەستبەسەرکرابوو، ڕۆژی ڕابردوو ١٩ سەرماوەز / ١٢.١٠، بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ورمێ ئازادکراوە.

ئەو هاوڵاتییە پاش چەند ڕۆژێک لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ورمێ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرابووەوە.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا چوار دەستبەسەرکراوی دیکەی خۆپیشاندانەکان بە ناوەکانی پەرویز ناسری، مەنسور زەینالی زادە، سەلاح قولی زادە و یاوەر فەرزادی، پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانیان لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرابوونەوە.

حسێن حەبیب وەند پێشتر لە مانگی گوڵانی ١٣٩٦ / ٢٠١٧.٠٥ دەستبەسەرکرابوو و لە مانگی ڕەزبەری / ٢٠١٩.١٠ ئەو ساڵەدا لەلایەن لقی دوویدادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە تۆمەتی “بێڕێزیکردن بە ئەمرە پیرۆزەکان” بە ٢ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران سزادرابوو.

ناوبراو لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا / ٢٠١٩.٠٢ بەر لێبورینی گشتی کەوت و لە کاتێکدا ١٠ مانگی مابوو ماوەی سزاکەی کۆتایی بێت، لە بەندیخانەی ورمێ ئازادکرابوو.