لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و پیرانشار بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانیی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران برینداربوون.

سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی کوردستان دوا و گوتی کە ڕۆژی ١٨ی سەرماوەز / ١٢.٠٩ کۆڵبەرێکی گەنج بەناوی “یادگار ئیسماعیلی” لە گوندی “زلێ”ی سەر بە بانە کراوەتە ئامانجی گولـلەی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور و بەسەختی برینداربووە.

دەگوترێت یادگار ئیسماعیلی، خەڵکی گوندی زلێ و باوکی دوو منداڵە. ناوبراو لە ئێستادا گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبیی بانە و لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.

هەروەها بەپێی هەواڵێکی دیکە، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی سەرماوەز / ١٢.٠٣ هێزەکانی پاسەوانیی سنوور پۆلێک کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەناوی “جەلال خالدی”، خەڵکی مەهاباد بریندابووە.

ئەو کۆڵبەرە پاش ئەوەی برینداربووە لەلایەن ئەو هێزانەوە ئەشکەنجەدراوە. سەرئەنجام دانیشتووانی ناوچەیەکە بە برینداری بینیویانە و ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی پیرانشاریان کردووە.