مینا شەیخی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٩ / ١٩٦٠، دایکی شەش منداڵ، خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی تاران ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز / ١١.١٦ لەکاتێکدا لە سەربانی ماڵەکەیەوە کە کەوتووەتە گەڕەکی خەلیجی فارس لە باشوری تاران، سەیری خۆپیشاندانەکانی سەر شەقامی دەکرد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کرایە ئامانجی دەستڕێژی گولـلە و گیانی لە دەستدا.

بەگوێڕەی ئەو زانیارییانەی بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، مینا شەیخی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵە و دراوسێکانی لە سەربانەوە سەرقاڵ بە سەیرکردنی خۆپیشاندا بووە کە تەقەی لێکراوە و سێ گولـلە بەر دڵی کەوتووە.

دەگوترێت مینا شەیخی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە براوە بۆ نەخۆشخانەی “فەیازبەخش”ی تاران بەڵام پێش گەیشتن بۆ نەخۆشخانەکە گیانی بەختکردووە. هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ خۆیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەکە و تەرمەکەیان بۆ پزیشکی دادی بەهەشتی زەهرا (گۆڕستانی گشتیی تاران) گواستووەتەوە.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەیەوە لێدوانی بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دا و گوتی: “سێ ڕۆژ پاش گیان بەختکردنی مینا شەیخی، تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و هەڕەشە لە ئەندامانی بنامەڵەکە کراوە بە هیچ شێوەیەک لەو بارەیەوە لێدوان بۆ دەزگا ڕاگەیەندنەکان نەدەن. تەنانەت بەڵێننامەی نووسراو لە چەند ئەندامی بنەماڵەکەش وەرگیراوە”.

تەرمی مینا شەیخی پاش ئەوەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە براوە بۆ شاری سەقز و لە گۆڕستانی ئەو شارەدا بەخاک سپێردراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە مینا شەیخی لە چەند ساڵ پێش ئێستاوە هاوسەرەکەی لەدەستدابوو و بەتەنیا سەرپەرستیی شەش منداڵەکەی لە ئەستۆ گرتبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە کۆتاییدا زیادیکرد: “پێشتریش برایەکی مینا شەیخی بەناوی ئەمین شەیخی کە ئەندامی یەک لە حزبە کوردستانییەکان بوو لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا گیانی لەدەستدابوو. هەروەها برایەکی دیکەشی بەناوی محەمەد شەیخی بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە دەستبەسەر و پاشان لەسێدارەدرابوو”.