هاوڵاتییەک کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی مەریواندا دەستبەسەرکرابوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە ئازادکراوە، لێدوانێکی بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دا و باسی ئەو ئەشکەنجانەی کرد کە لەو ماوەیەدا بەسەر دەستبەسەرکراوان هاتووە.

ئەو هاوڵاتییە سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی گوتی: “پاش ئەوەی دەستبەسەریان کردین یەکی کیسەیەکی ڕەشیان بەسرداکردین و سەر ئۆتۆمبێلێک لەجۆری پیجۆی ٤٠٥یان خستین. پاشان گواستینیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لەناو ژووری بچوکی نیو مەتر بە نیو مەتریان کردین. هاوکات گوێمان لە دەنگی ئەشکەنجەدرانی دەستبەسەرکراوەکانی دیکە بوو. ژوورەکە ئەوەندە بچوک بوو کە نەماندەتوانی تەنانەت قاچمانی تێدا ڕاکێشین. لەو ماوەیەی لەوێ دەستبەسەرکرابووین تەنانەت تیکەیەک نانیشیان نەداینێ”.

لە بەردەوامیدا گوتی کە نەیاندەزانی لە کوێ و لەلایەن چ ناوەندێکەوە دەستبەسەرکراون و بەم شێوەیە درێژەی بەقسەکانی دا: “شەوانە هەموومانیان دەبردە دەرەوە لە ژوورەکان و ناچاریان دەکردنی جلەکانمان دابکەنین، پاشان ئاوی ساردیان پێدا دەکردین و لێیان دەداین. تەنانەت شەوێک چەندین ئوتویان هەڵکرد و ناچاریان کردین بەبێ پێڵاو بەسەریاندا بڕۆین، بنی قاچمان بەتەواوی سووتا. لەکاتی لێکۆڵینەوەدا ناو دەمیان پڕ دەکردنین لە بزمار و پاشان زلەیان لێدەداین بۆ ئەوەی وتەی زۆرەملیمان لێوەربگرن”.

ئەو هاوڵاتییە باسی بوورانەوەی چەندین منداڵ و هەرزەکاری دەستبەسەرکراوی کرد و گوتی: “نازانین ئەو منداڵانە کە بەهۆی ئەشکەنجەوە دەبوورانەوە، چییان لێکرا، نازانین بۆ کوێیان بردن، تەنانەت نازانین مردبوون یان تەنیا بوورابوونەوە”.

 لە بەردەوامیدا گوتی: “ڕۆژێک ژنێکیان هێنایە ئەو دەستبەسەرگەیە کە بەهۆی پەیوەندی تەلەفۆنی بە دەزگا ڕاگەیەندنەکانی دەرەوەی وڵات دەستبەسەرکرابوو، پاش چەند ڕۆژێک چیدی گوێمان لە دەنگی ئەشکەنجەدانەکەی نەبوو. دەیانگوت لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە، بەڵام نەمانزانی چی لێ بەسەرهات. جارێکی دیکە کاتێک بۆ لێکۆڵینەوە دەیانبردم، لە ژێڕ چاوپۆشەکەوە بینیم کە کە گەنجێک بە قاچەکانی هەڵواسیبوو، هاوکات قامچییان لێدەدا و ئاوی ساردیان پێذادەکرد”.

ئەو هاوڵاتییە بەم شێووەیە بەردەوامیی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەی دا: “چەند ڕۆژێک بەسەر دەستبەسەرکرانماندا تێپەڕیبوو کە هەموومانیان سەر ئۆتۆمبێلک خست. دەیانگوت بەڕێمان دەکەن بۆ دەستبەسەرگەی یەکێک لە پارێزگاکانی دراوسێ، هەموو ترسابوون و دەگریان. لە ژێڕ کیسەکەوە بینیم کە خەریکن بە دەوری شاردا دەمانگەڕێنن و ئەمانە هەمووی هەڕەشەن. دوایە دیسانەوە گەڕاندیانینەوە بۆ شوێنەکەی خۆمان. بۆ سبەینێکەی هەموومانیان سەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە کرد و گواستینیانەوە بۆ بنکەیەکی پۆلیس لە ناو شار. چەند ڕۆژێک دواتر بە دانانی بارمتە ئازادکراین”.

بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: “لەناو دەستبەسەرگەی ئەو بنکە پۆلیسەش ژمارەیەکی زۆر دەستبەسەرکرابوون کە لەناویاندا منداڵ و هەرزەکاریش هەبوو. لەوێش خواردنیان نەدەدایە دەستبەسەرکراوەکان، تەنیا چەند کڵۆیەکیان شەکر دەداینێ بۆ ئەوەی نەبوورێنەوە و زەختمان دانەبەزێت”