بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ١١ی سەرماوەز / ١٢.٠٢ ، زارا محەمەدی، چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی دامەزراوەی کلتوریی “نۆژین” بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (کانون اصلاح و تربیت)ی سنە ئازادکرا. ئەو چالاکوانە مەدەنییە ڕۆژی ٢ی جۆزەردان / ٠٥.٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی خۆیدا لە شاری سنە دەستبەسەرکرابوو.

زارا محەمەدی لە رێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی/ ٠٩.١٨ بە بێ ئەوەی پارێزەر و بنەماڵەکەی پێشوەخت ئاگادار بکرێنەوە، بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە گوازرابووەوە. جێگەی ئاماژەیە ئەم دادگایە بەڕێوەنەچووبوو و بۆ کاتێکی دیکە دواخرابووەوە.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملی و لێپرسینەوە چەندین جار لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەوە بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنە گوازرابووەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر / ١١.١٣ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک دەستبەسەرکردنی زارا محەمەدیی وەک “کردەوەیەکی خۆسەر” ناونابوو و داوای کردبوو بە خێرایی و بەبێ مەرج ئازادبکرێت.

لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوبوو کە لێکۆڵەرە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەو چالاکوانە مەدەنییە کردووە کە ئەگەر هاوکاریی ناوەندە ئەمنییەکان نەکات ئەندامانی بنەماڵەکەی دەستبەسەردەکرێن.

زارا محەمەدی بەڕێوەبەری دامەزراوەی کلتوریی “نۆژین” بووە و زمان و ئەدەبی کوردیی وتووەتەوە. ناوبراو پێش دەستبەسەرکرانی لە رۆژی ٢ی جۆزەرداندا/ ٠٥.٢٣ چەندین جار لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوەی درێژماوەی لەگەڵ کرابوو. دواهەمین لێپرسینەوە لە رۆژی ١٧ی رەشەمەی ١٣٩٧/ ٢٠١٩.٠٣.٠٨ بۆ هەشت کاتژمێر و بە بێ ئامادە بوونی پارێزەر بەڕێوەچووبوو.