سەرچاوەیەک لە کرماشان بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووا و گوتی: “لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کرماشان، گەنجێک بەناوی ‘موحسن کەرەمی نیا’ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی کەرەمی نیا دانیشتووی گەڕەکی ‘کیان شەهر’ی کرماشانن و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە بە هیچ جۆرێک لەبارەی کوژرانی ڕۆڵەکەیانەوە لێدوان نەدەن.

جێگەی ئاماژەیە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو ناسنامەی ٧ هاوڵاتی بەناوەکانی “یونس جەلیلی”، “سەعید ڕەزایی”، “موزەفەر وەتەن دوست”، “عەبدولڕەزا شێرزادی”، “نادر بیژوەند”، “بورهان مەنسورنیا” و “یونس عزەتی”ی ڕاگەیاندبوو کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی شاری کرماشاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، سێ هاوڵاتیی دیکەی خەڵکی کرماشان بەناوەکانی “سەجاد باقری”، “پوریا ناسری خاه” و “مستەفا فەرزامی” لە خۆپیشاندانەکانی تاراندا کراونەتە ئامانجی هێزە ئەمنییەکان و کوژراون.