سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان لە سنە پەیوەندییان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کرد و گوتیان: “لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانەی سنەدا زیاتر لە ٣٠٠ هاوڵاتی دەستبەسەرکراون کە ٥٠ لەوان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دادنانی بارمتەی ٣٠ بۆ ٦٠ ملیۆن تمەن ئازادکراون”.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن چەند هاوڵاتییەکی تازە ئازادکراوەوە بە دەست گەیشتووە، دەستبەسەرکراوان لە دەستبەسەرگەکانی فەرمانگەی ئئتلاعات، پۆلیسی ئاسایش و دەستبەسەرگەی شەهرامفەری ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنەدا دەستبەسەرن. هەروەها ١٠٠ هاوڵاتیی دیکەش لە حەوشەی سەربازگەی بەیتولموقەدەسی سپای پاسداران لە دۆخێکی نالەباردا دەستبەسەرکراون کە لە نێوانیاندا خوێندکار ومنداڵیش بینراوە.

بەپێی ئەو وێنانە بەتایبەت بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێڕدراوە، ئەندامانی بەسیجی سپای پاسداران بۆ سەرکوت کردنی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ خەزەڵوەر / ١٦ و ١٧ی مانگی ١١، ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.