تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە مستەفا سەبزی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە وابڕیاربوو بۆ بەندیخانەی ماکۆ، شاری لەدایکبوونی بگوازرێتەوە، پاش ئەوەی لەلایەن بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیەوە وەرنەگیراوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی شاری خۆی و سەرەنجام سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٩ی سەرماوەز / ١١.٣٠ بۆ قەرەنتینەی بەندیخانەی خۆی گوازراوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە مستەفا سەبزی ڕۆژی ٧ی سەرماوەز / ١١.٢٨ پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شۆڕشی ورمێ بۆ گوازرانەوەی بۆ بەندیخانە ماکۆ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بۆ ئەو بەندیخانەیە بەڕێکرابوو.

ناوبراو ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ٩٨ / ٢٠١٩.٠٧.٢٣ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی گواستنەوەی بۆ بەندیخانی ماکۆ، شاری نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی، لەلایەن نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شۆڕشی ورمێوە دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن. ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ٢٥ەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بۆ ناوەندی دەرمانیی بەندیخانەکە گوازرایەوە، بەڵام سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەکەی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکیی قبوڵ نەکرد.

مستەفا سەبزی لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ / ٢٠١٩.٠٨.١٩ لە کاتێکدا گەڕێندرایەوە بۆ بەندەکەی کە سەرۆکی بەندیخانەی ورمێ لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەی لێکردبوو ئەگەر کۆتایی بە مانگرتنەکەی نەهێنێت دووردەخرێتەوە بۆ بەندیخانەی شارێکی دوور. ناوبراو سەرەنجام لە سەرەتای خەرماناندا پاش بەڵێنەکانی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ بەدووداچوون بۆ داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنە ٣٢ ڕۆژەکەی هێنا. بەڵام لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان / ٢٠١٩.٠٩.١٧ بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانە دیسانەوە دەستی دایە مان گرتن لە خواردن.

ئەو هاوڵاتییە کوردەی خەڵکی ماکۆ لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٣ / ٢٠١٤.٠٤ لە گوندێکی دەوروبەری ورمێ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لەناو یەک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ورمێدا لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا، پاش چەند مانگێک لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی “ئەندامبوونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایە پاشان لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.