بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٨ی سەرماوەز / ١١.٢٩، “فرشتە چراغی”، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنیی باوەڕمەند بە ئایینی یارسان و یەک لە ئەندامانی ڕێکخراوی “سرو سبز”ی داڵاهو، لە ماڵی خۆی لە شاری سەرپێڵ زەهاو دەستبەسەرکرا.
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوە لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤ دووا و گوتی: “هێزە ئەمنییەکان پاش ئەوەی فریشتە چراغییان دەستبەسەرکرد، گواستییانەوە بۆ دەستبەسەرگەی یەک لە ناوەندە ئەمنییەکانی کرماشان”.
ئەم رۆژنامەوانە کوردە پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر / ١١.١٦ لەمیانە خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی سەرپێڵ زەهاو لەدژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاش سێ ڕۆژ بە واژۆکردنی بەڵێننامە ئازادکرابوو.
پێویستە بگوترێت کە فرشتە چراغی پاش ڕوودانی بوومەلەرزەکەی سەرپێڵ زەهاو لە ساڵی ٢٠١٧ دا، چەندین وتار و ڕاپۆرتی سەبارەت بە دۆخی نالەباری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە نووسیبوو و لە گۆڤار و ڕاگەیاندنە جیاوازەکان بڵاوکرابوونەوە.