ڕۆژی ڕابردوو ٧ سەرماوەز / ١١.٢٨، سەعید سەنگەر، بەنکراوی سیاسیی کورد لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێوە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانی ناوەندیی ئەو شارە. هاوکات مستەفا سەبزی، بەندکراوی سیاسیی کورد لەو بەندیخانەیەوە بۆ بەندیخانەی ماکۆ، شاری لەدایکبوونی گوازرایەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەعید سەنگەر لە ڕێکەوتی ٣٠ خەزەڵوەر / ١١.٢١ بەمەبەستی لێرسینەوە سەبارەت بە کێشەکانی ناوخۆی بەندیخانە بۆ ئەو دەستبەسەرگەیە گوازرابووە. هێزە ئەمنییەکان لەو ماوەیەدا هەڕەشەی دروستکردنی دۆسییەی تازەیان لەو بەندکراوە سیاسییەکان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆسییەکی وەها لە دادگای ورمێ لە بەردەستدا نییە.

سەعید سەنگەر لەداکبووی ساڵی ١٣٥٢/ ١٩٧٣ لە شاری پیرانشارە و لە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٧٩ / ٢٠٠٠.٠٨.٣١ لە شاری مەریوان دەستبەسەرکرا و پاش دوو مانگ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی “ئەندامبوونی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق” بە سێدارە سزادرا. ئەو سزایە پاش تانەلێدان بۆ بەندکرانی تاهەتایی کەم کرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە پاشان بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانی ئێڤینی تاران گوازرایەوە و پاش دوو ساڵ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو بەندیخانەیە لە سای ١٣٨٢ / ٢٠٠٣ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە. هەروەها لە ساڵی ١٣٨٦ / ٢٠٠٧ بۆ بەندیخانەی سنە ڕەوانەکرا و لەئەنجامدا لە ڕێکەوتی ١٠ خەرمانانی ١٣٩٤ /  ٢٠١٥.٠٩.٠١ بۆ بەندیخانەی ورمێ گەڕێندرایەوە.

سەعید سەنگەر لە ساڵی ١٣٩٥ / ٢٠١٦ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەرپرسانی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان ئاگادارکرایەوە کە سزای بەندکرانی تاهەتاییەکەی بۆ ١٨ ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤ زانیویەتی کە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ سەرماوەز / ١١.٢٨ مستەفا سەبزی، بەندکراوی سیایی کورد لە بەندیخانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ماکۆ، شاری لەدایکبوونی گوازراوەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ٩٨ / ٢٠١٩.٠٧.٢٣ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی گواستنەوەی بۆ بەندیخانی ماکۆ، شاری نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی، لەلایەن نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شۆڕشی ورمێووە دەستی دایە مانگرتن لە خواردن. ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ٢٥ەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بۆ ناوەندی دەرمانیی بەندیخانەکە گوازرایەوە سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەکەی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکیی قبوڵ نەکرد.

مستەفا سەبزی لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ / ٢٠١٩.٠٨.١٩ لە کاتێکدا گەڕێندرایەوە بۆ بەندەکەی کە سەرۆکی بەندیخانەی ورمێ لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەی لێکردبوو ئەگەر کۆتایی بە مانگرتنەکەی نەهێنێت دووردەخرێتەوە بۆ بەندیخانەی شرێکی دوور. ناوبراو سەرەنجام لە سەرەتای خەرماناندا پاش بەڵێنەکانی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ بەدووداچوون بۆ داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکە ٣٢ ڕۆژەکەی هێنا. بەڵام لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان / ٢٠١٩.٠٩.١٧ بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانە دیسانەوە دەستی دایە مان گرتن لە خواردن.

ئەو هاوڵاتییە کوردەی خەڵکی ماکۆ لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٣ / ٢٠١٤.٠٤ لە گوندێکی دەوروبەری ورمێ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لەناو یەک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ورمێدا لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا، پاش چەند مانگێک لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی “ئەندامبوونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایە پاشان لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.