ناسنامەی کوژراوێکی دیکەی خۆپیشاندانەکانی مەریوان پشتڕاست کرایەوە

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مەریوان، ناسنامەی کوژراوێکی دیکەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانەی مەریوانیان “مێهران تاک”، تەمەن ٣١ ساڵ و باوکی کۆرپەیەکی ١٤ مانگان ڕاگەیەندووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، مێهران تاک ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر / ١١.١٦ لەمیانەی خۆپیشانداەکانی مەریواندا دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە ئەمنییەکان. دەگوترێت گوللە بەر سەری کەوتووە و بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی.

جێگەی ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکان دوو ڕۆژ پاش کوژرانی ئەو هاوڵاتییە، تەرمەکەیان بەشەودا و بە ئامادابوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی مەریواندا بە خاک سپاردووە.

ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردووە کە بە هیچ جۆرێک لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ دەزگا ڕاگەیەندنەکان نەکەن.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی ٥ لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مەریوان بەناوەکانی “مێهران تاک”، “عوسمان نادری”، “بێهروز مەلیکی”، “ئیدریس بێوارە” و “دانیال ئوستواری” لەلایەن سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە  پشتڕاستکراونەتەوە.

بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان لە بەرامبەر فەرمانگەی گشتیی ئیتلاعاتی کرماشان گردبوونەوە

سەرچاوەیەک لە کرماشان بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووا و گوتی: “لە ماوەی رۆژانی رابردوو زیاتر لە هەزار کەسی گرێدراوی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانەی کرماشان لە بەرامبەر فەرمانگەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کرماشان گردبوونەتەوە و داوادەکەن ڕەوشی ڕۆڵەکانیان ڕوون بکرێتەوە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، تەنیا لە شاری کرماشان زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی تەمەن ١٢ بۆ ٦٠ ساڵان دەستبەسەرکراون و لە دەستبەسەرگە جیاوازەکانی شاری کرماشاندا دەستبەسەرن. ژمارەیەک لەو هاوڵاتیانە پاش کۆتایی هاتنی لێپرسینەوەکان بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوا و ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کرماشان (کانون اصلاح و تربیت) گوازراونەتەوە.

دەگوترێت ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوەکان بەهۆی کەمبوونی جێگەوشوێن لە دەستبەسەرگەکاندا، لە حەوشەی بڕیارگەی ناوەندیی هێزە سەربازییەکان و سپای نەبی ئەکرەمی کرماشاندا دەمێننەوە.

لە ئێستادا دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاسایش، دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات لە مەیدانی نەفتی کرماشان و دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سەربازگەی سپای نەبیی ئەکرەم پڕکراون لەو هاوڵاتیانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانەد دەستبەسەرکراون.