دەیان هاوڵاتیی بریندار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێسەروشوێنن

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی جوانڕۆ، سنە و مەریوان باس لە بێسەروشوێن بوونی دەیان هاوڵاتی دەکەن کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندارکراون.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ٢١ هاوڵاتی لە جوانڕۆ، ١٨ کەس لە سنە و چەندین کەسی دیکە لە مەریوان پاش برینداربوونیان بێسەروشوێن کراون.

دەگوترێت کە ژمارەیەک لەو هاوڵاتیانە پاش برینداربوون دەستبەسەرکراون، ژمارەیەکی دیکەش لە نەخۆشخانەکان و بەبێ ئەوەی چارەسەریی تەواویان بۆ بکرێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و گوازراونەتەوە و بۆ سووێنی نادیار.

هاوکات دەنگۆگەلێک لەبارەی گیان لە دەستدانی ئەو هاوڵاتیانەوە بڵاوکراوەتەوە کە بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەکانیان.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەمڕۆ ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە کە تێیدا هێزە ئەمنییەکان لە سەربانی بینای دەزگای دادی جوانڕۆوە دەستڕێژی گولـلە لە خۆپیشاندەران دەکەن.

سنە؛ بۆ ئازادکردنی منداڵە دەستبەسەرکراوەکان داوای بڕی ٦٠ ملیۆن تمەن دەکرێت

سەرچاوەیەک لە سنە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووا و گوتی: “بەرپرسانی دادی شاری سنە داوایان لە بنەماڵەی منداڵە دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانە کردووە کە بۆ ئازادیی منداڵەکانیان پێویستە بڕی ٦٠ ملیۆن تمەن بدەن. وتووشیانە کە ئەو پارەیەمان بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوەندە حکومییە زیان بەرکەوتووەکان دەویت”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، زۆربەی ئەو منداڵانەی دەستبەسەرکراون خوێندکاری ناوەندین و لە ئێستادا لە ڕەوشێکی سەختدا لە دەستبەسەرگەکانی فەرمانگەی ئەماکن، بنکەکانی پۆلیس و ناوەندی پەروەردە و چاکسازیی سنەدا دەستبەسەرن.

ناسنامەی ژمارەیەک لەو منداڵانە کە تەمەنیان لە نێوان ١٢ بۆ ١٤ ساڵانە لای تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پارێزراوە.