ڕۆژی ڕابردوو کاسبکارێک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە سەقز کوژراوە، هاوکات کۆڵبەرێک لەکاتی کۆڵبەریدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە و گیانی لە دەستداوە. هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت و پیرانشار دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و برینداربوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٥ی سەرماوەز / ١١.٢٥، کاسبکارێک بەناوی “ناسح ئازەرپور” لەناوچەی سنووریی “سەیف”ی سەربە سەقز کراوەتە ئامانجی گولـلەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور و کوژراوە.

ئەو کاسبکارە باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شارۆچکەی “ساحب”ی سەقز بووە. دەگوترێت، ئەو هێزانە پاش کوشتنی ناوبراو دەستییان بەسەر کەلوپەلە شەخسییەکان و پارەکەیدا گرتووە و بەجێیان هێشتووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی دیکە، هاوکات کۆڵبەرێک بەناوی “هاشم ئەحمەدی”، خەڵکی گوندی “دزلی”ی سەوڵئاو لەکاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی کەلی تەتە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و گیانی لە دەستداوە.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت و پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران برینداربوون. ناوی ئە دوو کۆڵبەرە “حەسەن ساڵح پور”، خەڵکی سەردەشت و “تەها ڕەشیدزادە”، خەڵکی پیرانشار ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆکراوەتەوە،  مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، مانگێکی خوێناوی بوو بۆ کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان؛ مانگێک کە بە کوژرانی کاسبکارێک بە هۆی راونانییەوە لە جوانڕۆ دەستی پێکردبوو، بە کوژرانی هاوڵاتییەکی دیکە بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور لە پیرانشار کۆتایی پێهات. هەر لەم مانگەدا سێ کەسی دیکە لە رووداوی هاوشێوەدا گیانیان لە دەستدا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها بە هۆی تەقینەوەی مینەوە دوو هاوڵاتیی کورد لە شارەکانی سەقز و بانە کەم ئەندام بوون.