بورهان مەنسورنیا، هاوڵاتی خەڵکی مەریوان هەڵگری بەڵگەنامەی دکتۆرا لە بەشی ڤیتەرنەریی زانکۆی ورمێ بوو. ئەو هاوڵاتییە پاش تەواوکردنی خوێدنن بەمەستی بەجێهێنانی خزمەتی زۆرەملیی سەربازی بۆ کرماشان ڕەوانە کرابوو. ناوبراو پێش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بکوژرێت بە تێپەڕکردنی سەربازییەکەیەوە سەرقاڵ بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووا و گوتی: “بورهان مەنسورنیا ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر / لەکاتێکدا لە ماڵی براکەی لە گەڕەکی دەوڵەت­ئاوای کرماشان بەرەو سەرتاشخانەیەک لەو ناوە چووبووە دەرەوە کەوتبووە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئەمنییەکان و بە سەختی برینداربوبوو. لەو سەروبەندەدا دوو هاوڵاتی دیکەش بەناوەکانی “عەبدولرەزا شێرزادی” و “سەجاد باقری”ش کرانە ئامانجی گولڵەی هێزە عەمنییەکان و دەستبەجێ گیانیان لە دەستدا”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هاوڵاتیانی دانیشتووی ئەو گەڕەکە بورهان مەنسورنیایان بۆ یەک لە ماڵەکان گواستووەتەوە، لەوێوە بانگی ئامبولانسیان کردووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەیان کردووە. ئەو لەکاتێکدا بووە کە گولـلەیەک بەر پشتی کەوتووە، لە سگییەوە دەرچووە و بووەتە هۆی برینداربوونی ڕیخۆڵەکانی، هەر بۆیەش نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە.

بورهان مەنسورنیا ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر / بە ئێشێکی زۆرەوە بەهۆش هاتووەتەوە و داوای کە کەسوکارەکەی کردووە بیبەنەوە بۆ مەریوان. ئێورەی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر لەناکاودا چووەتە حاڵەتی کۆماوە و پاشان گیانی لە دەستداوە.

شایەتحەڵاکان، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی نەخۆشخانە و خوێنبەربوونی سەخت بە هۆکاری گیان لە دەستدانی بورهان مەنسورنیا دەزانن و دەڵێن بەرپرسانی نەخۆشخانەکە بڕی ٥ ملیۆن تمەن پارەیان بۆ نەشتەرگەرییەکە لە بنەماڵەی مەنسورنیا سەندووە.

جێگای ئاماژەیە کە پزشکی دادی کرماشان پاش تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر لە گیان لەدەستدانی بورهان مەنسورنیا، تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە و ئەوانیش لە گۆڕستانی مەریوان بەخاکیان سپاردووە.

ئەو بنەماڵەیە لە ئێستادا لە ژێر فشاری ناوەندە ئەمنییەکاندان و هەڕەشەیان لێکراوە کە بۆیان نییە هیچ جۆرە لێدوانێک لەبارەی چۆنێتیی گەیان لەدەستدانی ڕۆڵەکەیانەوە بۆ دەزگا ڕاگەیەندنەکان بدەن.