کەشی شاری مەریوان بەسەربازیکراوە و دەستبەسەرکرانی هاوڵاتیان بەردەوامە

سەرچاوەیەک لە مەریوانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوت: “هێزە ئەمنییە دەمامەکدارەەکان شەقام و مەیدانە سەرکەییەکانی ناو شاریان قۆڕخکردووە، لێپرسینەوە لەگەڵ هاوڵاتیان و ڕێبوارانی سەر شەقامەکان دەکەن و مۆبایلەکانیان دەپشکنن. ئەگەریش ڤیدیۆ یان وێنەی خۆپیشاندانەکانی ئەوم دوواییانە لەسەر مۆبایلەکانیان ببینین دەستبەسەریان دەکەن”.

بەگوتەی ئە سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان هەروەها هەڵدەکوتنە سەر کافێتریا و چاخانەکانی ناو شار و هاوڵاتیان دەستبەسەردەکەن.

دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ٢٠٠ منداڵ لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس لە دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ٢٠٠ منداڵ لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانە لە شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ، سنە، مەریوان، سەقز و بۆکان دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، ژمارەیەک لەو منداڵانە بە دانانی بارمتە ئازادکراون، بەڵام زۆربەیان لە ئێستادا لە حەوشەی دەستبەسەرگەکان و بارەگاکانی سپای پاسداران یان دەستبەسەرگەکانی فەرمانگەی ئەماکن، پۆلیسی ئاسایش و ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (کانون اصلاح و تربیت)ی ئەو شارانەدا لە ڕەوشێکی سەختدا دەستبەسەرن.

دەگوترێت کە هەرزەکارێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی “ئەروین ڕامین” کە لە شاری مەریوان دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەسەختی ئەشکەنجەدراوە و لە ئێستادا کەوتووەتە حاڵتی کۆما (بێهۆشیی قووڵ) وە.

جوانڕۆ؛ بەردەوامبوونی کەشی سەربازی و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان لە بنەماڵەی گیانبەختکردووان 

سەرچاوەیەک لە جوانڕۆ باسی لە بەردەوامبوونی کەشی ئەمنی و سەربازی لە شارەدا کرد و وتی کە لە ڕۆژانی ڕابردوو دا مەراسیمی پرسە و سەرەخۆشیی چوار لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکان بەناوەکانی “کاوە محەمەدی”، “موبین عەبدوڵلاهی”، خەڵکی گوندی شوانکارە، “جەبار تجارە” و “عەلی (یونس) فیروزبەخت” لە مزگەوتە جیاوازەکانی ئەو شارەدا بەڕێوەچووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو هاوڵاتییانە کردووە کە نابێت هیچ جۆرە لێدوانێک لەگەڵ دەزگا ڕاگەیەندنەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ ئەنجام بدەن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم ٦ هاوڵاتی بەهۆی دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئەمنییەکان لە جوانڕۆ کوژراون و زیاتر لە ٢٥ هاوڵاتیش برینداربوون. ناسنامەی چوار لەو هاوڵاتییانە “موبین عەبدوڵلاهی”، “کاوە محەمەدی”، ئیبراهیم مورادی” و “جەبار تجارە” ڕاگەیەندرابوو کە بەپێی دوایین هەواڵەکان پێویستە “عەلی (یونس) فیروزبەخت”یش بەو ناوانە زیادبکرێت. 

جێگای ئاماژەیە، کە دەستبەسەرکردنی شەوانەی هاوڵاتیان لە جوانڕۆ هێشتا بەردەوامە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی دەستبەسەرکراوان لە بەردەستدا نییە.