بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر / ١١.٢١، “مەقبولە سەکاوەند“، بەندکراوی سیاسیی کورد پاش ٩ مانگ بەندکران لە بەندیخانی شاری خۆی ئازادکرا.

جێگەی ئاماژەیە کە دانیشتنی دادگای ناوبراو ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەر / ١١.٠٩ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی خۆی بەڕێوەچوو و بەتۆمەتی “ئەندامبوونی یەکێک لە حزبە کوردستانییەکان” بە ساڵێک بەندکران سزادرابوو.

پێشتر سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی گوتبوو: ” بەو هۆیەوە کە تۆمەتبار ناڕەزایی بەرامبەر بە بڕیاری دادگاکە دەرنەبڕی، دادوەر رایگەیاند کە سزاکەی بە پشت بەستن بە یاسای ‘رەزامەندبوون بە بریار’ بۆ نۆ مانگ کەم دەکرێتەوە و لە رۆژانی داهاتوودا ئازاد دەکرێت”.

مەقبولە سەکاوەند پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان بووە و لە رەشەمەی ساڵی رابردوو/ ٢٠١٩.٠٢ پاش هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات بۆ وەرگرتنی “ئەمان نامە” بۆ ئێران گەڕایەوە، بەڵام پاش کەمتر لە دوو هەفتە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەم هاوڵاتییە کوردە پاش دەستبەسەر کرانی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە و نزیکەی مانگێک لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا. پاشان بۆ بەندیخانەی خۆی بەڕێکرا.