بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ، چەند خولەکێک پێش ئێستا “محەمەد نەزەری” و “عوسمان مستەفاپور”، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد پاش پەسندبوونی داواکارییەکانیان بۆ لێبورین لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازادکران. محەمەد نەزەری ماوەی ٢٥ ساڵ و عوسمان مستەفاپور ماوەی ٢٨ ساڵیان لە بەندیخانەکانی ورمێ، تەبرێز، یەزد و رەجایی شەهری کەرەجدا تێپەڕکرد.

محەمەد نەزەری لە ساڵی ١٣٧٣ / ١٩٩٤ و عوسمان مستەفاپور لە ساڵی ١٣٧٠ / ١٩٩١ بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)” دەستبەسەرکرابوون و پاشان بە سێدارە سزادرابوون. پاش چەند ساڵ سزای عوسمان مستەفاپور بە ٣٥ ساڵ بەندکران و سزای محەمەد نەزەری بە بەندکرانی تاهەتایی کەم کرابووەوە.

ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لە هەموو ئەو ساڵانەدا لە مافی وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەروە لە بەندیخانە بێبەشکرابوون.

محەمەد نەزەری لە ساڵی ١٣٨٦ / ٢٠٠٧ لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسی کوردی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێووە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەج دوورخرایەوە. سزای سێدارەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە جەژنی قوربانی ساڵی ١٣٨٨ / ٢٠٠٩ بەر لێبورینی گشتیی کەوت و بۆ بەندکرانی تاهەتایی کەم کرایەوە.

نەزەری لە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٦ / ٢٠١٧.٠٨ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەنکرانی نادادوەرانەی بۆ ماوەی ٩٩ ڕۆژ لە بەندیخانەی ڕەیی شەهردا دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.

لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٦ / ٢٠١٧.١١ بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بۆبەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە. ماوەیەک دواتر بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

عوسمان مستەفاپور لە ساڵی ١٣٧٢ / ١٩٩٤ پاس لە سێدارەدرانی دووان لەو کەسانەی لەگەڵی دەستبەسەرکرابوون بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد دوورخرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاویدا / ١٩٩٥ گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ و لە ساڵی ١٣٧٩ / ٢٠٠٠ دا سزای سێدارەکەی هەڵوەشێندرایەوە و بۆ ١٠ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. هاوکات لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە هەمان تۆمەت دیسانەوە دادگاییکرا و ئەم جارە بە ٢٥ ساڵ بەندکران سزادرا. عوسمان موستەفاپوور بەو شێوەیە پێویست بوو ٣٥ ساڵ لە بەندیخانەدا بمێنێتەوە.

لە ماوەی ٢٨ ساڵ بەندکرانیدا، دایکی، خوشکێک و برایەکی لە دەستداوە، بەڵام هەر جارەو بەهۆی ناڕەزامەندیی داواکاری گشتی و فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕێگەی پێنەدراوە لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیاندا بەشداری بکات.