مەریوان؛ وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە ڕادەستکردنی تەرمی قوربانیان بە بنەماڵەکانیان

سەرچاوەیەکی باوەڕبێکراو لە مەریوان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم تەرمی چوار لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکان کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرابوون ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە”.

دەگوترێت کە تەرمی ئەو قوربانیانە بەنهێنی و لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەدا بەخاک سپێردراون.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی: هێزە ئەمنییەکان تەرمی دووان لەو قوربانیانەیان بەشەودا لە دەوروبەری گۆڕستانی “بەهەشتی مستەفا” و گەڕەکی “دەشتی قەلقەلان” بەجێهێشتووە و پاشان بنەماڵەکانیان سەبارەت بە شوێنی تەرمەکان ئاگادارکردووەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٧ هاوڵاتی لە میانەی خۆپیشاندانەکانی مەریواندا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ناسنامەی چوار لەو هاوڵاتییانە “عوسمان نادری”، “دانیال ئوستواری”، ئارییەن ڕەجەبی” و “بێهروز مەلێکی” ڕاگەیەندراوە و لەلایەن سەرچاوە جیاوازەکانی تۆڕ لەو شارە پشتڕاستکراوەتەوە.

دۆخی تەندروستی بریندارانی خۆپیشاندانەکان جێگەی نیگەرانییە

وێنەی یەکێک لە بریندارەکانی مەریوان

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە شارەکانی مەریوان، سنە، بۆکان، جوانڕۆ و کرماشان دەڵێن دۆخی بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگەی نیگەرانییە.

بەگوتەی ئەو سەرچاوانە، زۆربەی و خۆپیشاندە بریندارەکان لە ترسی ئەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستەسەربکرێن ناچن بۆ ناوەندی دەرمانییەکان و لە ماڵەکاندا چارەسەرییان بۆ دەکرێت. دەگوترێت بەشی حراسەتی فەرمانگەی تەندروستی و دەرمان سەبارەت بە پێڕاگەیشتن بە بریندارەکان هەڕەشەی لە فەرمانبەرەکانی کردووە.

هەروەها هاوڵاتییەکی سنەیی بە تۆڕی گوت: هێزە ئەمنییەکان ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە لە میانەی خۆپیشاندانەکان لە گەڕەکە جیاوازاکانی ئەو شارەدا گازی فرسمێسکڕێژیان هەڵداوەتە ماڵی هاوڵاتییانەوە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لەو هاوڵاتیانە لە ناویاندا چەندین منداڵ تووشی لێکەوتەکانی گازی فرمسێکڕێژ بوون، بەڵام بەهۆی هەبوونی هێزە ئەمنییەکان لەناو نەخۆشخانەکاندا سەردانی ناوەندە دەرمانییەکانیان نەکردووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ، مەریوان، سنە و بۆکاندا زیاتر لە ١٥٠ هاوڵاتی لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکاندا برینداربوون.

مەریوان؛ چەندین هاوڵاتی دەستبەسەرکران و هێزە ئەمنییەکان ناو شاریان قۆڕخکردووە

چالاکوانێکی مەدەنیی دانیشتووی شاری مەریوان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، گوتی: “هێزە ئەمنییەکان شەقامە سەرەکییەکان و تەنانەت ناو کۆڵانەکانیشیان قۆڕخکردووە. هەروەها بەهۆی قەدەخەبوونی هاتووچۆکان بۆ شار تا بەیانیی ئەمڕۆ، نڕخی کەلوپەلەکانی خۆراک بەرزبووەتەوە و هەندێک خۆراکیش بەسەختی دەست دەکەوێت”.

ئەو سەرچاوەیە سەبارەت بە دوایین دۆخی دووکان و بازاڕی مەریوانیش گوتی: “سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، پاش ٤ ڕۆژ مانگرتنی دووکان و بازاڕ، ژمارەیەکی کەم لە دووکانەکان کراونەتەوە”.

سەرچاوەیەکی دیکە لە گەڕەکی “جوجەسازی”ی مەریوانەوە بە تۆڕی گوت: “ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەک هاوڵاتی و زیاتر لە ١٠ کەسیان دەستبەسەرکرد و بردیانن بۆ شوێنێکی نادیار”.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاوڵاتیانەدا لێیان داون و بێڕێزییان پێکردوون.