سێشەممە، کاتژمێر ٢٠:٣٠

مەریوان؛ سەرەڕای ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتە خۆپیشاندانەکان لەم شارە بەردەوامە

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە مەریوان باس لە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانە شەوانەکان لەو شارە دەکەن. بەگوتەی یەک لەو سەرچاوانە، کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژی ڕابردووەوە دەستیان کردووە بە گەڕان بە ناو شاردا و دۆخی ئاوارتەیان ڕاگەیاندووە. ئەو هێزانە ڕایانگەیاندووە کە گردبوونەوەی زیاتر لە دوو کەس قەدەغەیە و هەڕەشەیان کردووە کە هەموو جۆرە کردارێکی خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی سەختترین بەرپەرچەکان دەبێتەوە.

سەرچاوەکی دیکەش گوتی: لە ئێشتادا ١٨ هاوڵاتیی بریندار لە نەخۆشخانەکانی “بوعەلی سینا” و “فەجر”ی مەریوان لە ژێڕ چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندا بەسەردەبەن. ئەو هێزانە هەموو جۆرە هاتووچۆیەک بۆ ئەو نەخۆشخانانەیان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و بنەماڵەی بریندارەکان بۆیان نییە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ڕۆڵەکانیانەوە وەربگرن.

سێشەممە، کاتژمێر ۱۸:۰٠

سنە؛ دۆخی تەندروستیی ٦ بریندرای خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە ناجێگیرە

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە سنە باس لە ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی ٦ برینداری خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی سنە دەکەن. دەگوترێت کەو ئەو هاوڵاتیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئامانج گیراون و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی “بعثت”ی ئەو شارە لە ژێر چاودێری ئەو هێزانەدان.

بەگوتەی ئەو سەرچاوانە، هاوڵاتییەکی هەرزەکاریش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان، گوللەیەک بەر سەری کەوتووە  و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە. تەرمی ئەو هاوڵاتییە تا ئێستا لە ساردخانەی نەخۆشخانەکەدا ماوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان ڕێگەنادەن ڕادەستی بنەماڵەکەی بکرێت.

سێشەممە، کاتژمێر ١٤:٠

مەریوان؛ تەرمی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە و دۆخی تەندروستیی بریندارەکان ناجێگیرە

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە مەریوانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: نیوەشەوی ڕابردوو تەرمی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕادەستی بنەماڵەکان کرایەوە. هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەو بنەماڵانە کرد کە پێویستە بە خێراترین کات و بەنهێنی تەرمەکان بەخاک بسپێرن. هەروەها دووان لە بریندارەکان بەهۆی سەختبوونی برینەکانیانەوە بۆ سنە و یەکی دیکەش بۆ کرماشان بەڕێکراون. دۆخی تەندروستی ئەو بریندارانە ناجێگیرە و ئەگەری گیان لەدەست دانیان زۆرە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، دووکاندارەکانی مەریوان ئەمڕۆش دووکان و بازاڕیان نەکردەوە، هەروەها هەموو خوێندنگاکان وەک ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی دیکەی ئێران داخرابوون.

مەریوان

سێشەممە، کاتژمێر ۱۳:٥٠

دەیان خۆپیشاندەر لە سەقز دەستبەسەرکراون

بەگوێرە ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە سەقزەوە بە دەست گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١١.١٦، لە میانەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکان لەو شارەدا دەیان هاوڵاتی دەستبەسەرکراون. دەگوترێت کە تەمەنی زۆربەی ئەو هاوڵاتییانە ژێر ١٨ ساڵە و لەو ڕووەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (کانون اصلاح و تربیت)ی سنە، شوێنی بەندکردنی بەندکراوە هەرزەکارەکان، گوازراونەتەوە. هەروەها سەرەڕای دیاریکردنی بارمتە لەلایەن دادگاوە بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لەو کەسانە کە لە بەندیخانەی سەقزدا دەستبەسەرن و دابینکردنی بارمتە لەلایەن بنەماڵەکانەوە، دادگا ڕێگری دەکات لە ئازادکردنیان.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا سەبارەت بە دوایین ڕەوشی سەقز گوتی: لە ئێستادا دۆخی شار ئارامە، هێزە ئەمنییەکان لە شوێنە جیاوازەکانی شاردا بڵاوبوونەتەوە و بەتاریکبوونی هەوا ژمارەیان زیاتردەبێت.

https://www.facebook.com/KurdistanHRN/videos/1777395359071515/?t=0

سێشەممە، کاتژمێر ۱۳:۰۰

مینا شەیخی

کوژرانی هاوڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە شاری سەقزەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “مینا شەیخی”، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز کە لە چەند ساڵ پێش ئێستاوە لە تاران نیشتەجێ بوبوو، ڕۆژی شەممە لەکاتێدا لە سەربانی ماڵێک لە تاران بووە کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزە ئەمنییەکان و کوژراوە. دەگوترێت کە تەرمی ئەو هاوڵاتییە کوردە ڕۆژی ڕابردوو ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە شاری سەقز بەخاک سپێڕدراوە

سێشەممە، کاتژمێر ١٢:٣٠

بڕانی هێڵی پەیوەندیی تەلەفۆنی لە بەندیخانەکانی کرماشان، سنە و ورمێ 

پاش دەستپێکردنی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران، لە ڕۆژی یەکشەممەوە هێڵی پەیوەندیی تەلەفۆنیی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی کرماشان، سنە و رمێ لەسەر فەرمانی بەرپرسانی ئەمنی بڕاوە.