بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو لە میانەی گردبوونەوەی ناڕەزایی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە شاری جوانڕۆ، هێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەرانیان دایە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا چەند هاوڵاتییەک کوژران و لانیکەم ٢٥ کەسی دیکە برینداربوون.

سەرەڕای بڕانی هێڵەکانی ئینتەرنەت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها توندبوونەوەی کەشی سەربازی و ئەمنی لە شاری جوانڕۆ، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پەیوەندی بە سەرچاوەکانی لە جوانڕۆوە کردووە و ئەوانیش بەڕێکردنی ٤ تەرم بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارەیان پشتڕاست کردووەتوە.

هەروەها چەند سەرچاوەیەکی دیکە لە جوانڕۆوە، ناسنامەی دووان لە کوژراوەکانیان بەم شێوەیە بۆ تۆڕ ئاشکراکرد: “کاوە محەمەدی” و “حەمزە نەغدی”. بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، بنەماڵەی ئەو کوژراوانە تا ئێستا نەیانتوانیوە تەرمی ڕۆڵەکانیان وەرگرنەوە، هاوکات لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە لەو بارەیەوە لەگەڵ میدیاکان قسەنەکەن.

کاوە محەمەدی

سەرچاوەکانی تۆڕ لە بەردەوامیدا زیادیان کرد کە کەشی شارەکە بەسەربازیکراوە و بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی برینداران، هەندێکیان بۆ نەخۆشخانەکانی کرماشان بەڕێکراون.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی ڕابردوو تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەواڵی کوژرانی هاوڵاتییەک بە ناوی “عوسمان نادری”ی لە مەریوان بڵاوکردبووەوە.

شایەتحاڵێکی خۆپیشاندانەکانی مەریوان بە پەیامنێری تۆڕی گوت: “ڕۆژی ڕابردووە هێزە ئەمنییەکان لە بینای فەرمانگەی دوخانیاتەوە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد کە لە ئەنجامیدا چەندین هاوڵاتی کوژران و ٥ی دیکە کە منداڵێکیش لەناویاندابوو برینداربوون”.

بەگوتەی سەرچاوەیەک لە کرماشانەوە، کەشی ئەو شارە لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە بەسەربازیکراوە و هێزە ئەمنییەکان لە گەڕەکانی نزیک بە مەیدانی ئازادی (گەراج) بە بەفراوانی دەبیندرێن، لەگەڵ ئەوەشدا خۆپیشاندانەکان لە گەڕەکە جیاوازەکانی شاردا بەردەوامییان هەیە. هەروەها شەوی ڕابردوو لە کرماشان قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرابوو، هێزە ئەمنییەکان لە دوو گەڕەکی “جەعفەرئاوا” و “دەوڵەت ئاوا” پەلاماری خۆپیشاندەریان دا و پاشان شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان دوو لایەنەکەدا ڕوویدا. لەلایەکی دیکەوە چەند هەواڵێک سەبارەت بە هێرشی خۆپیشاندەران بۆسەر ناوەندێکی پۆلیس لە جەعفەرئاوا بە دەستی تۆڕ گەیشتووە، بەڵام ئەو هەواڵە تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

هەرچەند تا ئێستا ئامارێکی فەرمی لە ژمارەی کوژراوان و بریندارانی خۆپیشاندانەکان لە کرماشان بە دەست نەگەیشتووە بەڵام هاوڵاتییەکی کرماشانی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی گوت: هێزەکانی سەر بە حکومەت تەرمی کوژراوەکانیان لە نەخۆشخانەوە بۆ شوێنێکی دیکە گواستووەتوە.

لەو ڕووەوە کە ئاژانسە هەواڵدەریەکانی سەربە حکومەتی ئێران کوژرانی ئەفسەرێکی پۆلیسیان لە میانەی خۆپیشاندانەکانی کرماشان ڕاگەیاندووە، تەقەی هێزە سەربازییەکان لە خۆپیشاندەران پشتڕاست دەکرێتەوە. هەرچەند بەهۆی بڕانی هێڵە ئینتێرنێتییەکانەوە ناسنامەی کوژراوان و برینداران تا ئێستا ڕانەگەیەندراوە.

هەروەها سەرچاوەکانی تۆڕ لە شاری سنە باس لە توندتربوونەوەی کەشی ئەمنی و هەبوونی هێزە سەربازییەکان لەناو شار ومەیدانە سەرکییەکانی ئەو شارە دەکەن.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، شەوی ڕابردوو لە گەڕەکە جیوازییەکانی سنە بانگەوازینامە بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە و ئەمڕۆش هاوڵاتییان لە گەڕەکەکانی سیروس، فەیزئاوا، چوارباغ و فەرەح هەستاون بە ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایی.