گردبوونەوەی ناڕەزایی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرتۆتەوە و دوا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن بە هۆی تەقەی هێزەکانی ئێرانەوە لە مەریوان و سنە لانیکەم هاوڵاتییەک کوژراوە و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “عوسمان نادری” خەڵکی مەریوان لە ئاکامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و تەرمەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی “بوعەلی سینا”ی ئەم شارە کراوە. هەروەها پێنج کەسی دیکەش لەو رووداوەدا بریندار بوون و لە ناویاندا منداڵێکی ١٣ ساڵان بە ناوی “هیوا نادری” بەرچاو دەکەوێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “هێزەکانی یەکەی تایبەت لە مەیدانی شەبڕەنگی مەریوان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و ژمارەیەک لەو هاوڵاتییانە کوژراون و بریندار بوون.”

ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی بریندارەکان زیاتر بێت و هەندێکیان بۆ نەخۆشخانە نەگوازراونەتەوە و لە ناو ماڵەکاندا چارەسەری برینەکانیان دەکرێت، چونکە ترسی ئەوە هەیە لە نەخۆشخانەکان دەستبەسەر بکرێن.

بە پێی راپۆرتەکان، سەڕەرای بوونی کەشی توندی ئەمنی لە ناوەندی شاری مەریوان، خۆپیشاندەران پاش تەقەی هێزە ئەمنییەکان، بانکەکانی ئەم شارە (لە ناویاندا بانکی ئەنسار) و بەنزینخانەیەکیان ئاگرداوە.

تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزە ئەمنییەکان

لەلایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی زانیویەتی، هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شەقامەکانی نزیک بە مەیدانی ئازادی سنە هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و لانیکەم ژنێکی گەنج بریندار بووە.

دەگوترێت، یەکەی تایبەت لە شارەکانی کوردستان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران کەڵکی لە گازی فرمێسک رێژ و ئۆتۆمبێلی ئاو و رەنگ هاوێژ وەرگرتووە تا دواتر خۆپیشاندەران بناسنەوە و دەستبەسەریان بکەن. ئەم کردەوەیە بووەتە هۆی تێکهەڵچوونی خەڵک لەگەڵ گاردی تایبەت و ژمارەیەک برینداری لێکەوتۆتەوە.

هەروەها هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە جلی مەدەنییەوە رژاونەتە ناو خۆپیشاندەران و ژمارەیەکیان دەستبەسەر کردوە. ئەم رووداوەش تێکهەڵچوونی خەڵکی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی لێکەوتۆتەوە.

لە هەمان کاتدا هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کەوتوونەتە شوێن خۆپیشاندەران و لە ناو مۆڵ و دووکانەکاندا دەستبەسەریان کردوون. بە پێی راپۆرتەکان هێزی یەکەی تایبەت چوونەتە ناو چەندین دووکان و ناوەندەکانی کڕین لە سنە و گازی فرمێسک رێژیان هاویشتووە.

خۆپیشاندان دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین شارەکانی وەکوو شەهاباد، ئیلام، سەرپێڵی زەهاو، سەقز و چەندین شاری دیکەشی گرتووەتەوە و هاوڵاتییان بە راگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان جادە و شەقامەکانیان گرتووە.

بەرزبوونەوەی ٣٠٠ لە سەدی نرخی بەنزینی ئازاد لە دوا کاتژمێرەکانی رۆژی ٢٣ی خەزەڵوەردا/ ١١.١٤ ناڕەزایی گشتی لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستانی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو لێکەوتۆتەوە.