تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، کە هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە بنکەی “بەنگین خان”ی سەر بە پیرانشار رۆژی ٢٣ی خەزەڵوەر/ ١١.١٤ پۆلێک کۆڵبەر و کاسبکاری کوردیان لە بەرزاییەکانی “هەڵگورد” داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا کاسبکارێکی کورد کوژراوە.

 ئەم کاسبکارە ناوی “کامران بیانەک”، تەمەن ٢٦ ساڵ، سەڵت و خەڵکی ئاوایی کۆنە خانێی پیرانشار بووە.

بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆکراونەتەوە، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە/ ١٠.٢٣ تا ئێستا شەش کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری کۆماری ئیسلامی بریندار بوون و یەکێکی دیکەش کوژراوە. هەر لەم ماوەیەدا کۆڵبەرێک بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکان گیانی لە دەست داوە و یەکێکی دیکەش بە هۆی تەقینەوەی مین کەم ئەندام بووە. لەلایەکی دیکەشەوە کۆڵبەرێک کە پێشتر لە مانگی رەزبەردا بریندار ببوو بە هۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.