تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، “یاسین کەنعانی”، هاوڵاتیی کورد لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لە بەندیخانەی ناوەندی سنەوە بۆ بەندیخانەی سەقز گوازراوەتەوە.

یاسین کەنعانی رۆژی ٢٦ رێبەندانی ساڵی رابردوو/ ٢٠١٩.٠٢.١٥ وێڕای هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوەی “ئاسۆ رەمەزان زادە” لە شاری سەقز دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنە گوازرایەوە. ئەم هاوڵاتییە کوردە بۆ ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەند ئەمنییە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە بەڕێکرا.

دەگوترێت تۆمەتی ئەم هاولاتییە کوردە “هاوکاریکردنی یەک لە حیزبە کوردستانییەکان” راگەیەنراوە. سەرەڕای بەدواداچوونەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بۆ دەستخستنی زانیاری سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگا، تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە وردەکاری دۆسییەکە نەزانراوە.

یاسین کەنعانی پێشتریش لە مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٥/ ٢٠١٦.١٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەقزەوە دەستبەسەرکرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گوازرابووەوە. ناوبراو سەرەنجام پاش ٤٥ رۆژی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ئەم هاوڵاتییە کوردە پاشان لە ساڵی ١٣٩٦/ ٢٠١٧ بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی یەک لە حیزبە کوردستانییەکان” بە پێنج ساڵ بەندکران سزا درا کە پاش تانە لێدان و ناردنی دۆسیەکە بۆ دادگای پێداچوونەوە ئەم سزایە بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.