بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “مەقبولە سەکاوەند”، هاوڵاتیی کورد رۆژی ١٨ی خەزەڵوەر/ ١١.٠٩ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی خۆیەوە ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

لە دانیشتنی دادگادا تۆمەتی ئەم هاوڵاتییە دەستبەسەرکراوە “هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان” راگەیەنراوە و لە هەمان دانیشتنی دادگادا سزاکەشی پێ راگەیەنراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە وردەکاریی دادگاکە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “بە پێی ئەوەی کە ئەم هاوڵاتییە ناڕەزایی بە بڕیاری دادگاکە دەرنەبڕی، دادوەر رایگەیاند کە سزاکەی بە پشت بەستن بە یاسای ‘رەزامەندبوون بە بریار’ بۆ نۆ مانگ کەم دەبێتەوە و لە رۆژانی داهاتوودا ئازاد دەکرێت.”

جێگای ئاماژەیە کە مەقبولە سەکاوەند پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان بووە و لە رەشەمەی ساڵی رابردوو/ ٢٠١٩.٠٢ پاش هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات بۆ وەرگرتنی “ئەمان نامە” بۆ ئێران گەڕایەوە، بەڵام پاش کەمتر لە دوو هەفتە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەم هاوڵاتییە کوردە پاش دەستبەسەر کرانی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە و نزیکەی مانگێک لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا. پاشان بۆ بەندیخانەی خۆی بەڕێکرا و لەو کاتەوە تا ئێستا لەو بەندیخانەیەدایە.

پێشتر ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان پاش وەرگرتنی “ئەمان نامە” لە وەزارەتخانەی ئیتلاعات و سپای پاسداران بۆ ئێران دەگەڕانەوە و دوای چەند رۆژ لێپرسینەوە ئازاد دەکران، بەڵام لە چەند ساڵی رابردووەدا ئەم کەسانە دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران دەستبەجێ دەستبەسەرکراون و بۆ ماوەی چەندین مانگ لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و بە سەختی ئەشکەنجە دراون.

تاوتوێکردنی لێدوانەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەی ژمارەیەک لەو کەسانە ئاشکرای دەکات کە مەرجی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئازادکردنییان “ئەندامبوون لە سپای پاسداران و هاوکاریکردنی ناوەندە ئەمنییەکان دژ بە حیزبە کوردستانییەکان” بووە. هەروەها تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٢٠ کەس لە ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان پاش گەڕانەوەیان بۆ ئێران دەستبەسەر کراون. ژمارەیەکیان سزایان بەسەردا سەپێندراوە و ژمارەیەکی دیکەشیان تا ئێستا چارەنووسیان روون نییە.