بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی ١٩ی خەزەڵوەر/ ١١.١٠ “مەرعان خەمۆ” بەندکراو لە بەندیخانەی ورمێ بەو هۆیەوە کە لە کاتی گونجاودا بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی بەندیخانەکە نەگوازرایەوە گیانی لە دەستدا.

ئەم بەندکراوە لە ساڵی ١٣٩٤/٢٠١٥ بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” دەستبەسەرکرا و پاشان بە سێدارە (قصاص) سزادرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادارە لەوبارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “ئەم بەندکراوە رۆژی هەینی بە هۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانەی بەندیخانەکە گوازرایەوە و پاش چەند کاتژمێرێک و بە بێ ئەوەی تەندروستی باشتر بووبێت بۆ بەندی ١٥ گەڕێنرایەوە.”

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، مەرعان خەمۆ جارێکی دیکە بەیانی رۆژی ٢٠ی خەزەڵوەر/ ١١.١١ بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانەی بەندیخانەکە گواسترایەوە و ئەوەش لە کاتێکدابوو کە دەبوایە دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی بەندیخانەکە بەڕێبکرێت. هەر بۆیەش کاتژمێر 20ی هەمان رۆژ گیانی لە دەستدا.

ئەمە یەکەم جار نییە بەندکراوانی بەندیخانەی ورمێ مافی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکییان لێ زەوت دەکرێت و گیانیان لە دەست دەدەن.

پێشتر لە رێکەوتی ٣١ی خەزەڵوەر/ ٠٨.٢٢ بەندکراوێک بە ناوی “نەوبەت سەحرایی” لە نەخۆشخانەی بەندیخانەی ورمێ گیانی لە دەستدا.

هەروەها رۆژی نۆی خەرمانان/ ٠٨.٣١ بەندکراوێک بە ناوی “ئەحمەد ئاموختە” و لە رێکەوتی ٢٨ی خەرمانانیشدا/ ٠٩.١٩ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی “داریوش کەنگەرلو” لە هەمان بەندیخانەدا گیانیان لە دەستدا.

بە پێی راپۆرتەکان، هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەم سێ بەندکراوە، دەست راگرتنی بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ بووە لە گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانەکە.