تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، عەبدوڵلا وەیسی هاوڵاتی کوردی خەڵکی گوندی “گوڵچیر”ی مەریوان رۆژی پێنج شەمە ١٦ی خەزەڵوەر/ ١١.٠٧ پاش ١١٠ رۆژ دەستبەسەکران بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کراوە.

ئەم هاوڵاتییە کوردە لە رێکەوتی ٢٩ی پوشپەڕ/ ٠٧.٢٠ بۆ دەزگای زانیاریی (ستاد خبری) فەرمانگەی ئیتلاعاتی مەریوان بانگ کرا و پاش دەستبەسەر کردنی بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنە گوازرایەوە.

تۆمەتی ئەم هاوڵاتییە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان” راگەێنراوە.

 لە هەفتەکانی رابردوودا عەبدوڵلا وەیسی لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەوە بۆ بەندیخانەی مەریوان گواسترابوویەوە.

پێویستە بگوترێت، لە کۆتایی مانگی پوشپەڕی ئەمساڵدا، ١٠ هاوڵاتی و چالاکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەرکرابوون و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گوازرابوونەوە.

سەرجەم ئەم هاوڵاتییانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی دادگاکەیانن.