تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، بەرەبەیانی رۆژی ١٨ی خەزەڵوەر/ ١١.٠٩ هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی لە نزیک گوندی “کانێ زەرد”ی سەردەشت پۆلێک کۆڵبەر و کاسبکاری کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو، لەو رووداوەدا “سیامەند محەمەد عەبدوڵلا” تەمەن ١٩ ساڵ و “سیروان حوسێن عەبدوڵلا” تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی گوندی “ساوان”ی سەردەشت بریندار بوون.

ئەم دوو کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی “شەهیدان”ی شاری قەڵادزێ لە باشووری کوردستان گوازراونەتەوە و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکی دان.

شوێنی تەقە کردنەکە

بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆکراونەتەوە، تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، پێنج کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون. هەر لەم ماوەیەدا، کۆڵبەرێکیش بە هۆی راونانیەوە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سەر سنوورەوە لە بەرزاییەکان کەوتۆتە خوارەوە و گیانی لە دەست داوە.