تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، سیاوەش حەیاتی خوێندکاری کورد و باوەڕمەند بە ئایینی یاری (یارسان) بە هۆی ئەوەی کە لە فۆرمی زانکۆدا ئایینی خۆی “یاری” راگەیاندووە، مافی پێشکەش کردنی تووێژینەوەی ماستەرەکەی لە زانکۆی رازی کرماشان لێ زەوتکرا. ئەم خوێندکارە کوردە بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی کراوە روو بە سەرۆکی زانکۆکە، ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە.

سیاوەش حەیاتی تەمەن ٦١ ساڵ و وتەبێژی کۆمەڵی راوێژکاریی چالاکوانانی یارسانە و لە ساڵی ١٣٩٦/ ٢٠١٧ بۆ قۆناغی ماستەر لە بواری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی رازی کرماشان وەرگیراوە.

ناوبراو لە نامە کراوەکەیدا داوای دیبەیت لەگەڵ “ئیبراهیم ئەعلەمی ئال ئاقا”ی سەرۆکی زانکۆی رازی کرماشان دەکات و ئەو بانگەشەیەی بیردەخاتەوە کە “لە زانکۆی رازیدا خوێندکاری ئەستێرەدارمان نییە”.

هەروەها سیاوەش حەیاتی رایگەیاندووە، ئەگەر سەرۆکی زانکۆ داوای دیبەیت رەتبکاتەوە، ئەوا مانای ئەوەیە کە بە جۆرێک قایل بووە بە بوونی “هەڵاواردن، سەربەخۆ نەبوونی زانکۆ و بەڕێوەبەرەکانی و بێ مافی خوێندکاران.”

وتەبێژی کۆمەڵی راوێژکاریی چالاکوانانی مەدەنی یاراسان ئاماژەی بە وەڵام نەدانەوەی بەرپرسانی  زانکۆکە کردووە و باسی لە نامەیەک کردووە کە شەش مانگ لەمەوبەر بڵاویکردۆتەوە، پاشان نوسیویەتی: “ملم بە درۆ و ریا نەداوە و راستگۆیانە ئایینەکەم یاری راگەیاندووە و بە تاوانی راستگۆبوونم رێگە نادەن گفتوگۆی تێزەکەم بکەم. دەڵێن بە پێی یاسا مافی خوێندنی قۆناغی ماستەرت نییە و (تەقیە) بکە و ئەم تیکە (سەح) بگۆڕە.”

سیاوەش حەیاتی لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە توێژینەوەکەیدا بە بەڵگە و بە شێوەی زانستی بەربەستەکانی بەشداریی سیاسی باوەڕمەندانی ئایینی یاری خستۆتەڕوو و دەنووسێت: “بەداخەوە خۆم و کەسانی وەکوو من، لە زێدی هەزار ساڵەی باو و باپیرانماندا و لە ژێر سایەی حوکمڕانی شۆڕشێک کە دروشمی ‘ئازادی’ لە سەرەکی ترین دروشمەکانی بوو و هەروەها بانگەشەی گەشەپێدانی دادپەروەری لە جیهاندا دەکرد، لە مافی خوێندن و ‘زانین’ بێ بەش دەکرێین. ئەم  دوو فاقیە لە قسە و کرداردا پێکەوە کۆنابنەوە. من و هابیرانم لەم وڵاتەدا لە سەرەتایی ترین مافی مرۆییمان وەک بەشداریکردن لە چارەنوسماندا بێبەشین. ئێمە لە هەلبژێردران بۆ ئەو ناوەندانە بێ بەش دەکرێین کە هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت. ئێمە بێ بەشین لە مافی بەڕێوەبردن، ئێمە مافی دامەزران لە ناوەندە سەربازی و پۆستە باڵاکانی وڵاتمان لێ زەوتکراوە.”

ناوبراو لە کۆتاییدا نووسیویەتی کە سەرۆکی زانکۆ لە ئاست ئەم پرسە دوو رێگەی لە پێشە: یان بێدەنگ دەبێت و پۆستەکەی خۆی بەرز دەکاتەوە، یانیش لە زانکۆ و مافی خوێندکار و ئێتیک و شەرافەتی پیشەیی خۆی پارێزگاری دەکات.