بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر نۆی بەیانی رۆژی ١٦ی خەزەڵوەر/ ١١.٠٧ کەمال حەسەن رەمەزان بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای ئیعدامی بەسەردا سەپێندراوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەم شارە گوازرایەوە.

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆی گواستنەوەی ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا نەزانراوە.

ناوبراو لە رێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ئەمساڵیشدا/ ٢٠١٩.٠٩.٠٧ لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا گوازرابووەوە و کەوتبووە بەر لێدان و توندووتیژی مەئمورە ئەمنییەکان. ئەو کات هۆی گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگە، بەشداریکردنی لە ناڕەزایی و مانگرتنی بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی راگەیەنرابوو. ئەوەش پاش گەڕان و پشکنینی بەندی بەندکراوانی سیاسی لەلایەن گاردی تایبەتەوە ڕوویدابوو.

رۆژی 15ی خەرمانان/ ٠٩.٠٦، پشکنین و لەناوبردنی کەل و پەلی شەخسی بەندکراوان لەلایەن یەکەی تایبەتەوە، ناڕەزایی و مانگرتنی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی بۆ ماوەی چەندین کاتژمێری لێکەوتبووەوە.

کەمال حەسەن رەمەزان مانگی گەلاوێژی ساڵی رابردوو/ ٢٠١٨.٠٨ لە ناکاو بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ گوازرایەوە کە ئەمەش مەترسی جێبەجێکردنی سزاکەی هێنابووە ئاراوە. ئەو کات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای دەربرینی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی ئەم بەندکراوە، داوای کردبوو دەستبەجێ سزای سێدارەکەی رابگیرێ.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتریش لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی/ ٢٠١٦.١٢ بۆ ماوەی هەشت رۆژ، لە رەشەمەی ساڵی  ١٣٩٥ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٣ بۆ ماوەی ١٠ رۆژ، لە سەرماوەی ١٣٩٦ی هەتاوی/٢٠١٧.١٢ بۆ ماوەی حەوت رۆژ و لە گەلاوێژی ١٣٩٧/ ٢٠١٨.٠٨ بۆ ماوەی هەشت رۆژ بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران گوازرابووەوە. بە پێی زانیارییەکان ئەم فشارانە بۆ سەر ئەم بەندکراوە سیاسییە بە مەبەستی کردنەوەی دۆسییەی نوێ و وەرگرتنی وتە و دانپێدانانی ساختەوە بووە.

کەمال حەسەن رەمەزان تەمەنی ٣٣ ساڵە و خەڵکی سەرێکانی کوردستانی سوریا (رۆژئاوا) یە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە شەشی خەرمانان ١٣٩٣ی هەتاوی/ ٢٠١٤.٠٨.٢٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و پاش چوار مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.

لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی/ ٢٠١٥.٠٧ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ورمێوە بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)” بە ١٠ ساڵ بەندکران سزادرا. پاشان ئەم سزایە بە پێی یاسایەک بەناوی “رازی بوون بە بڕیاری دادگا” بۆ ماوەی حەوت ساڵ کەم کرایەوە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سەرەڕای ئەوەیکە سزاکەی یەکلایی ببووەوە شەش جار بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ گوازراوەتەوە و بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران لە هاوینی ساڵی ١٣٩٠ هەتاوی/ ٢٠١١، لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

حەسەن کەماڵ رەمەزان مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٥ لەلایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ورمێوە بانگ کرا و بە رەسمی سزای سێدارەی پێڕاگەیەنرا. ئەم سزایە پێشتر لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٠ی هەتاوی/ ٢٠١١.١١ لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشەوە بە غیابی بۆ کەسێک بە ناوی “کەمالە سور” دەرکرابوو، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات ئەم سزایەی بەسەر کەمال حەسەن رەمەزاندا سەپاند و وەک تاوانبار ناساندی، لە کاتێکدا کە تەنیا پەیوەندی ئەم دوو کەسە لێکچوونی ناوەکانیان بووە.