تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، “محەمەد مورادی” خەڵکی گوندی “قەبر حوسێن”ی پیرانشار لە مانگی گوڵانی ساڵی رابردووەوە/ 2018.04 بۆ ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی هەروا نادیارە.

محەمەد مورادی پێش ئەوەی دەستبەسەر بکرێت بۆ ماوەی چەند ساڵێک نیشتەجێی باشووری کوردستان بووە. ناوبراو پاش هەوڵی بنەماڵەکەی و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ ئێران گەڕایەوە. لەگەڵ گەڕانەوەی لە ڕۆژی دووی مانگی گوڵانی ساڵی 1397/ 2018.04.22 لە دەروازەی سنووریی “کێلێ”ی سەردەشت لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەرەکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گوازرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دۆخی ئەم هاوڵاتییە دەستبەسەرکراوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “محەمەد مورادی بۆ ماوەی 45 رۆژ لە دەستبەسەرگەی سپای پاسدارانی ورمێ ‘شۆکەری کارەبا’ و قامچیی لێدراوە و لە ژێر سەختترین ئەشکەنجەدا بووە. ئەم هێزانە ویستوویانە بە زۆر وتەی لێوەربگرن کە دان بەوەدا بنێت ‘ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بووە و بۆ چالاکی چەکداری گەڕاوەتەوە’. ئەشکەنجەکان تا رادەیەک بوون کە محەمەد مورادی بۆ ماوەی چەندین مانگیش پاش تەواو بوونی لێپرسینەوەکان و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی نەغەدە، تووشی خوێن بەربوونی ناوەکی ببوو”.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا گوتی: “هاوکات بە دەستبەسەرکرانی محەمەد مورادی، هاوژینەکەشی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و پاش لێپرسینەوە، ئازاد کرا بوو. بەڵام پاش ئازاد کرانی بۆ ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی پیرانشار و سەردەشت لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا بوو”.

دەگوترێت، محەمەد مواردی تەمەن 35 ساڵە، ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و باوکی دوو منداڵیشە. ناوبراو هەروەها برای دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “سادق مورادی” و “عەبدولرەحمان مورادی“یە.   هەر دوو براکەی لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا/ 2019.09 بە هۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و پاشانيش ئەشکەنجەدانیان، لە ناوچەی سنووری “کۆتران”ی قەندیل کوژران.

محەمەد مورادی لە ساڵی 1397/2018 چەندین جار داوای گۆرینی بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتی کردبوو، بەڵام لقی دووی دادگای گشتی داواکانی رەتکردبوویەوە.

دانیشتنی دادگای ئەم هاوڵاتییە کوردە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا/ 2019.08 بە بێ ئامادەبوونی پارێزەر لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی مهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی بەڕێوەچووبوو. لە دانیشتنەکەی دادگادا تۆمەتی “چوونە دەرەوە لە وڵات بە نایاسایی” و “ئەندام بوون لە کۆمەڵ و گروپە نەیارەکانی وڵات”ی خرابوویە پاڵی، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەلایەن دادگاوە دەرنەچووە.

جێی ئاماژەیە، دادوەر جەواد غوڵامی دوو جار لە بەندیخانەی نەغەدە چاوی بە محەمەد مورادی کەوتووە و پێی راگەیاندووە بە مەرجێک لەو دۆخە رزگاری دەبێت کە “دژ بە حیزبە کوردستانییەکان هاوکاری سپای پاسداران بکات و دان بەو تۆمەتانەدا بنێت کە ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان پێیان هەڵبەستووە”. بەڵام ئەو ئامادە نەبووە هاوکاریان بکات و هەربۆیەش تا ئێستا چارەنووسی روون نەبۆتەوە.

پێویستە باس لەوەش بکرێت، پێشتر ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان پاش وەرگرتنی “ئەمان نامە” لە وەزارەتخانەی ئیتلاعات و سپای پاسداران بۆ ئێران دەگەڕانەوە و دوای چەند رۆژ لێپرسینەوە ئازاد دەکران، بەڵام لە چەند ساڵی رابردووەدا ئەم کەسانە دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران دەستبەجێ دەستبەسەرکراون و بۆ ماوەی چەندین مانگ لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و بە سەختی ئەشکەنجە دراون.

تاوتوێکردنی لێدوانەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەی ژمارەیەک لەو کەسانە ئاشکرای دەکات کە مەرجی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئازادکردنییان “ئەندامبوون لە سپای پاسداران و هاوکاریکردنی ناوەندە ئەمنییەکان دژ بە حیزبە کوردستانییەکان” بووە. هەروەها تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 20 کەس لە ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان پاش گەڕانەوەیان بۆ ئێران دەستبەسەر کراون. ژمارەیەکیان سزایان بەسەردا سەپێندراوە و ژمارەیەکی دیکەشیان تا ئێستا چارەنووسیان روون نییە.