بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆڵبەرێکی گەنج بە ناوی “ئەشکان فەتاحی” بە هۆی تەقینەوەی  مین لە بەرزاییەکانی “شووشمێ”ی سەر بە نەوسودی شاری پاوە، قاچی راستی لە دەستدا. ئەم کۆڵبەرە لە ئێستادا بە هۆی سەختی برینەکانییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی “ئایەتوڵا تاقەڵەقانی”ی کرماشان کراوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیی دایە.

جێگای ئاماژەیە، ئەشکان فەتاحی پێشتر لە رێکەوتی 25ی رەزبەری ساڵی 1395/ 2016.10.16 لە ناوچەی سنووری نەوسود درابووە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە پاسەوانیەکانی سەر سنوور. هەرچەند دانیشتووانی ئەو ناوچەیە پاش ڕووداوەکە ئەو کۆڵبەرەیان بۆ نەخۆشخانەی پاوە بەڕێکردبوو بەڵام لە ئەنجامدا لە سەدا 50ی قاچی چەپی لەکارکەوتبوو.

بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆکراونەتەوە، تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا پێنج کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کوژراون و 12ی دیکەش بریندار بوون. هەر لەم ماوەیەدا، بە هۆی راونانی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری کۆماری ئیسلامی، کۆڵبەرێک لە بەرزاییەکان کەوتۆتە خوارەوە و گیانی لە دەستداوە.