تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، قادر محەمەدزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە رۆژی 24ی رەزبەرەوە/ 10.16 دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن، بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندرەستییەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی یەزدەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەم بەندیخانەیە گوازراوەتەوە و لەوێش رێگەی نەداوە سێرۆمی (کانۆلا) بۆ دانێن و پاشان هەر بەو دۆخە نالەبارەوە بۆ بەندی گشتی بەڕێکراوە.

 بە پێی زانیاریی سەرچاوەکانی “تۆڕ”، دۆخی جەستەیی ئەم بەندکراوە سیاسییە ناجێگیرە و جێگەی نیگەرانییە، سەرەرای ئەمەش تا ئێستا بەرپرسانی بەندیخانەی یەزد هیچ وەڵامێکیان بە داواکارییەکانی نەداوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە، قادر محەمەد زادە رۆژی پێنج شەمە نۆی خەزەڵوەر/ 10.31 و لە شازدەهەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا بە فەرمانی بەرپرسی بەندیخانەی یەزد بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم بەندیخانەیە گوازرابووەوە.

پێویستە بگوترێت، قادر محەمەد زادە بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” بە “قصاص”(سێدارە) و لە بواری گشتی بە حەوت ساڵ بەندکران سزادرابوو کە ئەم بڕیارە سەرەنجام لەلایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشێنرایەوە و کرا بە “دیە” واتە سزای دارایی. بەڵام لە کۆتایی مانگی رەزبەرەوە بەم بەندکراوە سیاسییە راگەیەنراوە کە سزای بەندکرانەکەی بە هۆی بواری گشتیی تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست”، جێبەجێ دەکرێت. ئەویش بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو بڕیارە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ئەم بەندکراوە سیاسییە هەورەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی “موحارەبە” واتە دژایەتی لەگەڵ خودا بە 20 ساڵ بەندکران سزادرابوو. قادر محەمەد زادە کە لە 14 ساڵ لەمەوبەرەوە لە بەندیخانەدایە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەمە 18ی خاکەلێوەی ئەمساڵ/ 2019.04.07 لە بەندیخانەی مهابادەوە بۆ بەندیخانەی یەزد دوورخرایەوە.