بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی ١٠.٣١ “حەسەن رەستگاری مەجد” بەندکراوی سیاسیی کورد پاش بەڵێنی ئەرێنی جێگری داواکاری گشتیی ورمێ و پاش ٣٩ رۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە. هەروەها “قادر محەمەدزادە” و “ئیقبال زارعی” دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی دیکە مانگرتنەکەیان لە بەندیخانەکانی یەزد و سەقزدا هەروا بەردەوامە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە رۆژی پێنج شەمەی رابردوو، قادر محەمەد زادە لە شازدەهەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا بە فەرمانی بەرپرسی بەندیخانەی یەزد بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان گوازراوەتەوە. هەروەها حەسەن رەستگاری مەجدیش لە بەندیخانەی ورمێ بۆ نوسینگەی داواکاری گشتیی ئەم شارە گوازراوەتەوە و پاش بەڵێنی ئەرێنی جێگری نووسینگەکە سەبارەت بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە ئیقبال زارعی بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە ٢٤ی رەزبەروە/ ١٠.١٦ مانی لە خواردن گرتووە، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانە و ئیتلاعاتی سەقزەوە کەوتۆتە ژێر فشارەوە تا کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێت. فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە رێگە نادات ئیقبال زارعی بە مەرج ئازاد بکرێت، هەر بۆیە ئەویش وەکوو ناڕەزاییەک دەستی داوەتە مانگرتن.

ئەوە لە کاتێکدایە بڕیاری ئازادکردنەکەی بە مەرج، پێشتر لەلایەن “ئەنجومەنی پۆڵبەندی بەندیخانە” و “داواکاری گشتی”ی سەقزوە پشتڕاستکرابوویەوە.

دەگوترێت بە هۆی مانگرتنەوە توشی بەربوونی خوێن لە ناوەوە بووە و هەروەها فشاری خوێنشی دابەزیوە. باس لەوەش دەکرێت لە ماوەی مانگرتن لە خواردنیدا، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە شێوەیەکی بەرچاو کێشی دابەزیوە.

حەسەن رەستگاری مەجد لە رۆژی یەکی رەزبەرەوە/ ٠٩.٢٣ بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی رەگەزنامەکەی لەلایەن دادگای گشتی ورمێوە و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان سەبارەت بە ناردنەوەی بۆ تورکیا پاش کێشانی سزاکەی، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر لە چەندین دۆسییەی جیاوازدا بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)” بە ١٥ ساڵ بەندکران، “مانەوەی نایاسایی لە ئێراندا” بە سێ ساڵ بەندکران و “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی لە بەندیخانەدا” بە ساڵێک بەندکران سزادرابوو.

کۆی ئەو سزایانەی بەسەر رەستگاری مەجدا سەپێندراوە ١٩ ساڵە، بەڵام بە پێی یاسای ناسراو بە تەجمیعی ئەحکام، سزای ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆتە ١٥ ساڵ.

سەبارەت بە قادر محەمەد زادە دەبێت بگوترێت کە ناوبراوە لە لقی دادگای گشتی مهاباد بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە “قەساس” (سێدارە) و حەوت ساڵ بەندکران (لە بواری گشتی) سزادرابوو. ئەم سزایە پاش تانەلێدان لە ساڵی ١٣٩٢/ ٢٠١٣ لەلایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشنێرایەوە و گۆڕا بۆ “دیە” واتە سزای دارایی. بەڵام بەم دواییانە پێی راگەیەنراوە کە سزای بەندکرانەکەی بە هۆی بوارە گشتییەکەیەوە جێبەجێ دەکرێت و هەر بۆیەش دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ئەم بەندکراوە سیاسییە هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی “موحارەبە” واتە دژایەتی لەگەڵ خودا ٢٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. ناوبراو کە لە ١٤ ساڵ لەمەوبەرەوە بەندکراوە، بەرەبەیانی رۆژی ١٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ/ ٢٠١٩.٠٧.١٤ لە بەندیخانەی مهابادەوە بۆ بەندیخانەی یەزد گوازرایەوە.

ئیقبال زارعی رۆژی ١٩ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٥/ ٢٠١٦.٠٧.٠٩ لەلایەن فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و پاش چەند مانگ بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران” بە پێنج ساڵ بەندکران سزادرا. ئەم سزایە سەرەنجام بە پشت بە ستن بە یاسای “رازی بوون بە بڕیار” بۆ سێ ساڵ و نۆ مانگ کەم کرایەوە.