دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی “عەبدولرەحمان مورادی” و “سادق مورادی” خەڵکی گوندی “قەبر حوسێن”ی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان چەند لێدوانێکی لەگەڵ دانیشتوانی ئەم ناوچەیە ئەنجام داوە و کۆمەڵێک زانیاری نوێی دەست کەوتووە. لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵ دراوە وردەکاریی زیاتر سەبارەت بەو ڕووداوە بخرێتە ڕوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ زانیویەتی، ئەم دوو برایە کاتژمێر سێی بەرەبەیانی رۆژی ٢٢ی رەزبەر/ ١٠.١٤ وەکوو “پێشڕەو”ی کاروانێکی کۆڵبەران کەوتبوونە ڕێ و هیچ بارێکیان پێ نەبووە، بەڵام لە ناوچەی “کۆتران”ی قەندیل دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی سپای پاسدران.

بە پێی وتەی سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، عەبدولرەحمان مورادی شەش فیشەکی بەرکەوتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە. سادق مورادیش لەو هێرشەدا بە برینداری کەوتووەتە دەستی هێزەکانە سپاوە و پاشان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە.

چەند دانیشتوویەکی ناوچەکە کە تەرمەکانیی ئەو دوو کۆڵبەریان لە کاتی بەڕێکردن بۆ پزیشکیی داد بینیوە، ئەم زانیارانە پشتڕاست دەکەنەوە و بە “تۆڕ” دەڵێن: “ئاسەوار و شوێنی ئەشکەنجە بەسەر تەرمەکانیانیانەوە دیار بوو. جێی لێدان بە پۆستاڵ و سەرنێزە بەسەر جەستە بێ گیانەکەی سادقەوە مابوویەوە. هێزەکانی سپا لەکاتێکدا جەستەی سادقیان بە شوێن خۆیاندا کێشاوە کە فیشەک بەر شان و قاچی کەوتبوو. سەرەنجام بە هۆی ئەشکەنجەیەکی زۆرەوە گیانی لە دەست داوە و هێزەکانی سپاش تەرمەکەیان لە کوێستانەکە بە جێ هێشتووە و بۆ بنکەکەی خۆیان لە ناوچەی کۆترانی قەندیل گەڕاونەتەوە”.

عەبدولرەحمان مورادی لە دایک بووی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی/ ١٩٨٩و باوکی کچێکی تەمەن دوو ساڵانە، هەروەها سادق مورادی لە دایک بووی ١٣٧١ی هەتاوی/ 1992، باوکی کچێکی چوار ساڵان بووە و هاوسەرەکەشی دوو گیان بووە.

بنەماڵەی مورادی سکاڵایان لە دژی سپای پاسداران لە هەمان بنکە تۆمار کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە سکاڵای بنەماڵەی قوربانیان لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی  لەلایەن دادسەرای سەربازیی ئێرانەوە بایەخی پێنادرێت. دادگا پەیوەندیدارەکان لە چەند حاڵەتێکدا کە ئەوانیش ناگەنە ژمارەی پەنجەکانی دەست، “دیە”یان (سزای دارایی) وەک قەرەبوو لە سندوقی دەوڵەت بۆ بنەماڵەکان دیاریکردووە، بەڵام ئەوانیش بە زۆری جێبەجێ ناکرێن.

هەروەها دەگوترێت کە برایەکی دیکەی ئەم بنەماڵەیە بە ناوی “محەمەد مورادی” لە مانگی گوڵانی ساڵی رابردووەوە/ ٢٠١٩.٠٥ بە تۆمەتگەلی “سیاسی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوەدەستبەسەرکراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەمە یەکەم جار نییە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکان پاش تەقە کردن لە کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد، بریندارەکان ئەشکەنجە دەدەن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو، لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا/ ٢٠١٩.٠٨ هێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور لە “کڕکوش”ی خۆی پاش ئەوەی پۆلێک کۆڵبەریان دابووە بەر دەستڕێژی گولـە، تەرمی کۆڵبەرێک بە ناوی “رەزا ئیبراهیمی”یان چەندین کیلۆمەتر بە شوێن خۆیاندا راکێشابوو و پاشان لە چۆلگەیەک بەجێیان هێشتبوو.

بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرە بە دیاریکراوی سکالایان لەسەر “غولامڕەزا حەیدەری” تۆمار کرد کە بەپێ شایەتحاڵانی ڕووداوەکە بکوژی ڕۆڵەکەیان بوو، بەڵام ناوبراوە هیچ لێپێچینەوەیەکی لەگەل نەکراوە و تا ئێستا لەسەر پۆستەکەی لەو بارەگا سەربازییەدا ماوەتەوە.

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەم حاڵەتانەدا بەدواداچوونی یاسایی هێزە چەکدارەکان ناگرێتەوە و هەر ئەمەش بۆتە هۆی بەردەوامی کوژرانی کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکاندا.