بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،  سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێک، سیروان رەحیمی هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەدا دەستبەسەرە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. ئەم ژینگەپارێزە لەم ماوەیەدا تەنیا دوو جار توانیویەتی پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات و لەو ڕێگەیەوە پێی رایگەیاندوون هێشتا قۆناغی لێکۆڵینەوەکانی کۆتایی نەهاتووە.

سیروان رەحیمی، ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی لەیلاخ، لە رۆژی 6ی رەزبەر/ 09.28 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری دێولانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گوازرابووەوە.

هەروەها بە پێی ئەو راپۆرتانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، دوو هاوڵاتی دیکە بە ناوەکانی “میلاد مەنبەری” و “موختار مەنبەری” خەڵکی گوندی “نیەر”ی سەربە شاری سنە کە لە رۆژەکانی 16ی خەرمانان/ 09.07 و 16ی رەزبەر/ 10.08 لەلایەن فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوون، هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

دەگوترێت، میلاد مەنبەری لەم ماوەیەدا تەنیا پەیوەندییەکی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و پێی رایگەیاندوون، دەستبەسەرکرانەکەی درێژەی دەبێت و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەدا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

تا کاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە نەزانراوە کە ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە بە چ تۆمەتگەلێک دەستبەسەر کراون.