بە پێی راپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا و پاش راگەیاندنی گیانبەختکردنی چوار ئەندامی “پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)” لە تێکهەڵچوونیاندا لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی تورکیا، ئیتلاعاتی سپای پاسداران و فەرمانگەی ئیتلاعاتی شارەکانی ورمێ، ماکۆ، بانە و روانسەر هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گیانبەختکراوان کردووە کە رێوڕەسمی پرسە لە مزگەوتەکاندا بەڕێوە نەبەن.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ناسنامەی ئەو گیانبەختکراوانەیان “خالەق عەبدوڵلاهی خەڵکی گوندی سێوچەی بانە، ئێلناز سەعیدی خەڵکی ورمێ، سەعید مورادی خەڵکی روانسەر و کەویار حاجی زادە خەڵکی گوندی دێم قشڵاقی ماکۆ” راگەیاندووە.

بە پێی وتەی ئەو سەرچاوانە، بنەماڵەکان بە هۆی بانگ کران و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان، ناچار بوون رێوڕەسمی پرسە لە ماڵی خۆیان بەڕێوەبەرن. هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەرەشەی دەستبەسەرکردن و پلۆمپی درگای مالەکانیان لێ کردوون.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باس لەوە دەکەن، فەرمانگەی ئیتلاعاتی ماکۆ پاش بانگکردنی عەودە حاجی زادە، باوکی کەویار حاجی زادە بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەریان کردووە.

  کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەبردنی هەموو جۆرە پرسەیەک بۆ ئەندامانی گیانبەختکردووی حیزبە کوردستانییەکانی قەدەغە کردووە و تەنانەت بنەماڵەی ئەو گیانبەختکراوانە بە هۆی دانانی پرسە ماڵەکانیاندا هەڕەشەیان لێدەکرێت و دەخرێنەژێر فشاری هێزە ئەمنییەکانەوە.