بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی رابردوو هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری کۆماری ئیسلامی لە گوندی “کانێ زەرد”ی سەربە شاری سەردەشت پۆلێک کۆڵبەريان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک گیانی لە دەست داوە.

دەگوترێت ناوی ئەم کۆڵبەرە “لوقمان رەشیدزادە”یە و باوکی منداڵێکی ساوا بووە.

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، رۆژی 28ی رەزبەر/ 10.20 کۆڵبەرێک بە ناوی ”ستار رەحیم نژاد” خەڵکی گوندی “دەرەکێ”ی سەربە “سەوڵاوا” لە بەرزاییەکانی هەورامان کەوتۆتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بووە.

جێگای ئاماژەیە کە هۆکاریی کەوتنە خوارەوەی ئەو کۆڵبەرە، راوەدوونان و کەوتنە شوێنی لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری کۆماری ئیسلامی بووە.

بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆکراونەتەوە، لە سەرەتای مانگی رەزبەرەوە تا ئێستا بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکان، لانیکەم پێنج کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و 12 ی دیکەش بریندار بوون. هەر لەو ماوەیەدا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کۆڵبەرێکیش كەمئەندام بووە.