بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دانیال داراب خانی بەندکراوی سیاسیی پێشوو رۆژی رابردوو لە رێگای پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە بۆ ستادی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان بانگر کرا. تا ئێستا هۆی بانگکرانەکەی نەزانراوە.

بانگ کرانی ئەم هاوڵاتییە کوردە لە کاتێکدایە کە لە مانگەکانی رابردوو پاش تێپەڕاندنی ١٠ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان ئازاد کرا. سزای دیاریکراو بۆ ئەم هاوڵاتییە کوردە ساڵێک بوو، بەڵام دوو مانگی کۆتایی پێبەخشرابوو.

دانیال داراب خانی، لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی/ ٢٠١٨.٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر و پاش ٢٨ رۆژ لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاباد گواسترایەوە. سەرەنجام لە خەزەڵوەری ١٣٩٧/ ٢٠١٨.١١ بۆ لقی دووی دادگای شۆڕشی کرماشان گواسترایەوە و بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆت تمەنی تا کۆتایی پرۆسەی دادگا ئازاد کرابوو.

هەورەها ئەو هاوڵاتییە کوردە لەلایەن هەمان دادگاوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شاهروخ مورادی بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی بە ساڵێک بەندکران مەحکوم کرابوو.

لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦/ ٢٠١٨.٠١ کە چەندین رۆژ لە کرماشان درێژەی هەبوو، ژمارەيەك هاوڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و چەندین هەفتە و مانگ لە دەستبەسەرگەکانی ناوەندە ئەمنییەکاندا کەوتبوونە ژێر شکەنجە و ئەزێت و ئازارەوە. هەندێك لەم کەسانە پاشان لە دادگا تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەییان رووبەروو بوویەوە و دادگایی کران.