قادر محەمەد زادە بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە جێبەجێکرانی سزای حەوت ساڵ بەندکران دەستی دایە مانگرتن لە خواردن. دەگوترێت جێبەجێکردنی ئەو سزایە لە کاتێکدایە کە پێشتر لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشابووەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “سزای حەوت ساڵ بەندکرانی قادر محەمەدزادە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی بە ئەنقەست پێشتر لەلایەن دیوانی باڵاوە پشتڕاست نەکرابوویەوە، بەڵام ئەو سزایە لە ئێستادا هەر وەک خۆی ماوەتەوە و هەر بۆيەش دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن”.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی “موحارەبە” واتە دژایەتی لەگەڵ خودا، ۲۰ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

قادر محەمەد زادە لە ١٤ ساڵ لەمەوبەرەوە لە بەندیخانەدایە و رۆژی ١٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ/ 2019.04.07 لە بەندیخانەی مهابادەوە بۆ بەندیخانەی یەزد گوازرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە خەڵکی بۆکانە و لە رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی/ 2005.12.20 وێڕای محەمەدئەمین عەبدوڵلاهی بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حزبێکی کوردیدا” و “کوشتنی فەرمانبەرێکی کۆماری ئیسلامی”، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا.

قادر محەمەدزادە و محەمەدئەمین عەبدوڵلاهی پاش چەند مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە شارەکانی مهاباد و ورمێ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرانەوە و پاش ١٥ی مانگ نادیاربوونی چارەنووسیان، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مهابادەوە بە تۆمەتی موحارەبە دادگایی کران.

لقی یەکی دادگای شۆڕشی مهاباد قادر محەمەدزادەی بە ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی یەزد و محەمەدئەمین عەبدوڵلاهیی بە ١٨ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی تەبەس سزادا. پاشان هەر دوو بڕیارەکە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێوە وەکوو خۆیان پشتڕاستکرانەوە.

قادر محەمەدزادە هەروەها لە دادگای گشتی مهاباد بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” بە سێدارە (قصاص) و حەوت ساڵ بەندکران (بەهۆی ڕووی گشتیی “تاوانەکەوە”) سزادرا. ئەم سزایە پاش تانەلێدان لە ساڵی ١٣٩٢/ 2013 لەلایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشێنرایەوە و گۆڕا بۆ “دیە” واتە سزای دارایی.

ئەم بەندکراوە سیاسيیە لە رێبەندانی ١٣٨٩/ 2011.02 لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی “پەیوەندیکردن بە میدیاکانی دەرەوەی ئێران” لەلایەن دادگای شۆڕشەوە بە شەش مانگ بەندکران سزادرا. قادر محەمەد زادە لە سەرەتای بەندکرانییەوە تا ئێستا کە ١٢ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە ، لە مافی وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەرەوە بێبەش کراوە. ناوبراو لە مانگەکانی جۆزەردان و رەشەمەی ساڵی رابردوو بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە گوازرانەوە بۆ بەندی کرێکاری و بەندی ئەمنی بەندیخانەی ورمێ بۆ ماوەی سێ هەفتە مانگی لە خواردن گرتبوو