لە ماوەی رۆژانی رابردوودا هەر سێ چالاکوانی کرێکاریی سەید عەلی حوسێنی، مەحمود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی سەبارەت بە گردبوونەوەکان دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بانگ کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، رۆژی ٢١ی رەزبەر/ 10.12 سەید عەلی حوسێنی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بانگ کراوە و سەبارەت بە گردبوونەوەی خەڵک دژی هێرشەکەی تورکیا لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، مەحمود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی دوو چالاکوانی کرێکاریی ناسراوی خەڵکی شاری سەقز لە رۆژانی رابردوودا بۆ فەرمانگەی ئەماکن بانگ کراون.

عوسمان ئیسماعیلی بە نووسینی یاداشتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە بۆ فەرمانگەی ئەماکن بانگ کراوە و بەرپرسانی ئەم ئیدارەیە سەبارەت بە بەشداربوونی لە گردبوونەوە دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە و سەرەنجام داوایان لێکردووە بە شێوەی نوسراو بەڵێن بدات کە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداری ناکات.

ئەم چالاکوانە کرێکارییە لە واژۆکردنی ئەم نوسراوەیە خۆی بواردووە و بە ئەرکێکی مرۆیی خۆی زانیوە لە گردبوونەوەکاندا بەشداری بکات.

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچووە و خەڵک هێرشەکانی تورکیایان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان شەرمەزارکردووە.

پاش هێرشی تورکیا، خەڵکی چەندین شاری کوردستان لەوانە خۆی، ورمێ، مهاباد، پیرانشار، سەردەشت، بۆکان، سەقز، بانە، مەریوان، سنە، دێولان، دیواندەرە، کرماشان، جوانڕۆ، پاوە، روانسەر، ئیلام و ئەیوان رژانە سەر شەقامەکان وگردبوونەوەی ناڕەزاییان بەڕێوەبرد.