کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەردەوامە و دوایین هەواڵەکان باس لەوە دەکەن لە سنوورەکانی پیرانشار و پاوە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو کۆڵبەر کوژراون و دووی دیکەش بریندار بوون.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی ٢٢ی رەزبەر/ 10.14 بە هۆی دەستڕێژیی گولـلەی هێزەکانی سپای پاسداران لە پۆلێک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووری کۆترانی قەندیل، دوو کۆڵبەر بەناوەکانی عەبدولڕەحمان مورادی و سادق مورادی گیانیان لە دەستداوە.

ئەم دوو کۆڵبەرە برا بوون و خەڵکی گوندی قەبرحسێنی پیرانشار بوون.

لەلایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، رۆژی ٢١ی رەزبەر/ 10.13 هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی دیاکۆ شەریفی بریندار بووە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، رۆژی ١٧ی رەزبەر/ 10.09 کۆڵبەریک بە ناوی سالار پەژوهی بە هۆی تەقينەوەی مین لە نزیک گوندی دزواری پاوە کەمئەندام بووە.

بە گوێرەی ئامارێکی رەسمی کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاوبۆتەوە، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوەنی زۆرترین رێژەی بێکاری و هەڵاوسانە لە ئێراندا. هەر بۆیەش خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بۆ بژێوی ژیانیان روو لە پیشەی کۆڵبەری و کاسبکاری دەکەن و ساڵانەش بەم هۆیەوە دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە بیانوی ئەوەیکە کاڵای نایاسایی دەگوازنەوە دەکەونە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران و دەکوژرێن و بریندار دەبن.

 بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆکراونەتەوە، لە سەرەتای مانگی رەزبەرەوە تا ئێستا، بە هۆی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکان لانیکەم چوار کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و شەشی دیکەش بریندار بوون. هەر لەم ماوەیەشدا کۆڵبەرێک بە هۆی تەقینەوەی مین کەمئەندام بووە.