رۆژی ١٩ی رەزبەر/ 10.11 هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەریوان هێرشیان کردە سەر گردبوونەوەی ناڕەزایی خەڵک دژ بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان. هەروەها سەرلەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم شەش کەس لە شوێنی کارەکانیان دەستبەسەر کران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “کاتێک بەشداربووانی گردبوونەوە ناڕەزاییەکە گەیشتنە نزیک فەرمانگەی ئیتلاعاتی مەریوان، هێزەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ژمارەیەک کە لە ناویاندا چەند منداڵێکیش هەبوو، بریندار بوون.”
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ئومێد حەق پەرەست، هیمەت کەریمی، موبین کەریمی، دیاکو تابا، کەماڵ کۆنەپۆشی (ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا) و محەمەد بەهرامی لە شوێنی کارەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
دەگوترێت هێزە ئەمنییەکان بە تەلەفون هەڕەشەیان لە هەندێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان کردووە و پێیانڕاگەیاندوون، ئەگەر بێتو ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بێت، ئەوا بنەماڵەکانیان دەکەونە مەترسییەوە.
جێگای ئاماژەیە کە رۆژی ١٩ ڕەزبەر لە شارەکانی کوردستان لەوانە پیرانشار، بانە، مەریوان و دێولان گردبوونەوەی بەڕێوەچوو.
ڕۆژی ڕابردووش کوردانی تاراوگە لە وڵاتە جیاجیاکان دژ بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رژانە سەر شەقامەکان.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا، خەڵکی شاری سەقز بە شێوەیەکی بەربڵاو لە شەقامەکان گردبوونەوە و ناڕەزایەتی خۆیان دژ بەو هێرشە دەربڕێوە.