ئارمان غەفوری، چالاکوانی مەدەنی کورد لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی مەریوان بە تۆمەتی “بشێویی ئاسایشی گشتی” لەرێگای بەشداریکردن لە ناڕەزاییەکانی دژ بە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر عەفرین سزای شەش مانگ بەندکران و لێدانی ٢٠ قامچی بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دانیشتنی ئەم دادگایە لە رۆژانی رابردوودا بەبێ ئامادە بوونی ئارمان غەفوری و پارێزەرەکەی بەڕێوەچووە.

ئەم چالاکوانە کوردە لە رۆژی ٢١ی رەشەمەی ١٣٩٦/ 2018.03.12 پاش بەشداریکردنی لە گردبوونەوەی ناڕەزایی دژ بە هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان وێڕای ١٠ چالاکی مەدەنی دیکە دەستبەسەر و دواتر بە کەفالەتی پێنج میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئارمان غەفوری لە بەرواری دووی گەلاوێژی ١٣٩٧/ 2018.07.24 جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کرا و پاش سێ مانگ لێپرسینەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییەی سنە بۆ بەندیخانەی مەریوان گوازرایەوە.

ارمان غەفوری پاش دەستبەسەرکران، بۆ ماوەیەکی درێژ هیچ هەواڵێک سەبارەت بە چارەنوسی لەبەردەستدا نەبوو، هەر ئەمەش وایکردبوو نیگەرانییەکان سەبارەت گیان لەدەستدانی لەژێر ئەشکەنجەدا پەرەبستێنێت.

ناوبراو سەرئەنجام لە بەرواری ١٩ی سەرماوەزی 1397/ 2017.12.10 بە دانانی بارمتە تا کۆتایی پرۆسەی دادگا، لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا.

ئارمان غەفوری سکرتێری ئەنجومەنی ژینگەی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان و ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیایە.