سالم ئەدوایی هاوڵاتيی کورد و بەرپرسی هۆڵی وەرزشی گوندی سلێنی هەورامان لە دادگای شۆڕشی مەریوان لەو تۆمەتانەی خرابووە پاڵی بێبەری کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، ساڵی رابردوو ئەم هاوڵاتییە کوردە چەندین جار لەلایەن فەرمانگەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران بانگ کراوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێژ دەستبەسەر بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “رۆژی ٢٧ی خەرمانان/ 09.18 دانیشتنی دادگای ناوبراو بەڕێوەچووە و ئەم بڕياره لە رۆژانی رابردوو بە شێوەی نوسراو پێی راگەیەندراوە.”

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوەندە ئەمنییەکان، سالم ئەدواییان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە پێش بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێک لە هۆڵی وەرزشی گوندی سلێن داوای لە هاوڵاتیانی بەشداربوو کردووە بەمەبەستی ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان خولەکێک بێدەنگی رابگرن.

دەگوترێت ئەم تۆمەتانە پاش ئەوە دراوەتە پاڵی کە هێزەکانی بەسیجی ئەو گوندە لە دژی سکاڵایان تۆمار کردبوو.

ئەم هاوڵاتییە کوردە پاش سکاڵاکە چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی سەوڵاوای مەریوانەوە بانگ کرا و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کرابوو. سالم ئەدوایی لە ئەنجامدا بە کەفالەت تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرابوو.