رۆژی رابردوو بە هۆی دوورخستنەوەی چەند بەندکراو و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم مۆڵەتەکان بۆ چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی سەقز،، بەندکراوان دەستیان کرد بە دەربڕینی ناڕەزایی. لە بەرامبەردا هێزەکانی ناسراو بە گارد هێرشیان کردە سەر بەندکراوانی ناڕازی و گرژی و ئاڵۆزی لە نێوانیاندا دروست بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان بەندکراوان و هێزەکانی گارد کاتژمێر نۆی بەیانی دەستیپێکرد. ئەویش پاش ئەوە هات کە چەند بەندکراو بۆ بەندیخانەیەکی دیکە دوورخرانەوە. هێزەکانی گارد بە باتوم و گازی فرمێسک رێژ هێرشیان کردە سەر بەندکراوان و لە ئاکامدا چەندین بەندکراو بریندار بوون.”

بە پێی وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەرپرسی بەندیخانەی سەقز چووەتە ناو بەندکراوە ناڕازییەکانەوە و داوای کردووە کۆتایی بە ناڕەزاییەکان بێنن. بەڵام بەندکراوان رایانگەیاندووە تا ئەو چەند بەندکراوەی دوورخراونەتەوە نەگڕێنرێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان و پێدانی مۆڵەتەکان وەکوو ڕابردووی لێ نەیەتەوە، بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکانیان.

زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن کە لە ئێستادا لە بەندیخانەی سەقز دۆخی تایبەت راگەیەندراوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی دژە شۆڕش بۆ ئەم بەندیخانەیە نێردراون. هەر بۆیەش ئەگەری هەیە ئەم هێزە هێرش بکاتە سەر بەندکراوان.

بەندیخانەی سەقز چوار بەندی گشتی و بەندێکی تایبەت بە بەندکراوانی سەربازی تێدایە و بەگشتی ٤٠٠ بەندکراوی لەناویدا بەسەردەبەن