ئومێد شاه محەممەدی چالاکوانی بواری پیشەیی مامۆستایان کە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵەوە/ 2019.05 بۆ بەڕێکردنی ١١ مانگ و ٢٠ رۆژ سزای بەندکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرابووەوە، لە مافی ئازادی بە مەرج و مۆڵەتی هاتنەە دەرەوە بێبەشە.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم مامۆستا کوردە رۆژی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو/ 2018.11.12 رۆژێک پاش مانگرتنە سەرتاسەرییەکەی مامۆستایان لە ئێران لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شاری دیواندەرە دەستبەسەرکرا و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە گوازرایەوە.

سەرئەنجام لە رۆژی پێنج شەمە ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی/ 2018.12.20 پاش ٣٨ رۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

رۆژی چواری رەشەمەی ساڵی رابردوو/ 2019.02.12 لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” ١١ مانگ و ٢٠ رۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

پاش ئەوەی سزاکەی یەکلایی بوویەوە، لە رۆژی ١٨ی جۆزەردان/ 2019.06.08 بۆ تێپەڕاندنی ئەو بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.

ئومێد شاه محەمەدی بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە شاری دیواندەرەدا وانەی بایۆلۆژی گووتووەتەوە و لە پاڵ چالاکیی پیشەیی مامۆستایاندا، لە بوارەکانی کتێب خوێندنەوە و ژینگە چالاکیی بەرچاوی هەبووە.