بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان. ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت گروپێکی کۆڵبەرانیان دایە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا لانیکەم کۆڵبەرێک بەناوی کاوە خەڵکی پیرانشار بریندرابوو.

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەزبەر / ١٠.٣١، کۆڵبەرێکی کورد بەناوی عادل یەعقوبی، تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی گوندی بێساران لە دەربەندی تەتەی هەورامان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە برینداربووە.

دەگوترێت قاچی ئەو کۆڵبەرە سەر مین کەوتووە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیەک لە مەریوان لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.

بە پێی ئامارێکی رەسمی کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاوبۆتەوە، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوەنی زۆرترین رێژەی بێکاری و هەڵاوسانە لە ئێراندا. هەر بۆیەش خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بۆ بژێوی ژیانیان روو لە پیشەی کۆڵبەری و کاسبکاری دەکەن و ساڵانەش بەم هۆیەوە دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە بیانوی ئەوەیکە کاڵای نایاسایی دەگوازنەوە دەکەونە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران و دەکوژرێن و بریندار دەبن.