لێدووانی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاشکرایدەکەن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیداره‌ی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە شارەکانی سەلماس، ورمێ، سەقز، بۆکان، سنە، مەریوان، کامیاران، پاوە، جوانڕۆ و کرماشان هەستاون بە بانگهێشتکردنی بنەماڵەکانی چالاکوانانی کورد بەتایبەت ئەندامانی حزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەیان لێدەکەن.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لێکۆڵەرە ئەمنییەکان زەختیان کردووەتە سەر ئەو بنەماڵانە و داوایان لێکردوون ناونیشانی ڕێک و وێنەی ڕۆڵەکانیان بدەنە ئەو ناوەندانە. هەروەها لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو بنەماڵانە کراوە و هەڕەشەیان لێکراوە لە ئەگەری پێداگریی ڕۆڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی چالاکیی سیاسی، ئەندامانی بنەماڵەکانیان دەستبەسەردەکرێن و دۆسییە لە دژیان تۆماردەکرێت.
دەگوترێت کە بانگهێشت و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو بنەماڵانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەرکراو لەلایەن دەزگای دادی ئێڕانەوە ئەنجامدراوە.
لێکۆڵەرە ئەمنییەکان هەروەها داوایان لە دایک و باوکی ئەو چالاکوانانە کردووە کە بچن بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆڵەکانیان پاشگەزبکەنەوە لە بەردەوامیدان بۆ چالاکییەکانیان و بیانگەڕێننەوە بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
جێگای ئاماژەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەیان ئەندامی حزبە کوردییەکان پاش گەڕانەوە بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون و لە دادگاکاندا لەدژیان دۆسییە تۆمارکراوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەمووی ئەو کەسانە بە هەماهەنگی پێشوەخت لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکان و ئاراستەکردنی پەشیمانی نامە گەڕاونەتەوە ناوخۆی وڵات.
بەپێی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەم ساڵانەی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ کەس پاش گەڕانەوە بۆ ئێران دەستبەسەرکراون و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.